رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی رووداوی بێڕێزیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لەکاتی یەکێک لە نمایشە سەربازییەکانی "رۆژی سەروەری."
رۆژی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ فەرمانی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکار و وردەکاریی ئەو پێشێلکارییەی کە لە یەکێک لە نمایشەکاندا لەکاتی چالاکییەکانی (رۆژی سەروەری) بەرامبەر بە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووی دا."
بەپێی راگەیێندراوەکە، عەلی فالح زەیدی ئەو کارەی بە توندی سەرکۆنە کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە هەمووان پابەندی یاسا کارپێکراوەکان و نەریتە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان بن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی داوە بە گرتنەبەری سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر بە سەرپێچیکاران و ئەنجامدەرانی ئەو کارە، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا پرۆسەی لێکۆڵینەوە تەواو بکرێت و دەرەنجامەکانی بەرز بکرێنەوە.
رۆژی 30ـی ئەیلوولی رابردوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک (رۆژی سەروەری) راگەیێندرا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەو بۆنەیەوە چەندین چالاکی و نمایشی سەربازی لە بەغدا و پارێزگاکان بەڕێوەچوون.
لە یەکێک لە چالاکییەکاندا هەمەرێکی سەربازیی حەشدی شەعبی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا دەڕوات وەکو سووکایەتییەک بە وڵاتەکە.


