رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە عێراق، بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو دەریدەخات، خوێندنی زمانی کوردی لە بەسرە و بەشێکی زۆری نەینەوا و سەلاحەدین بە تەواوی پەراوێزخراوە؛ لە نەجەف و ئەنبار بە شێوەیەکی سنووردار دەخوێندرێ.
خوێندنی وانەی کوردی لە بەغدا
سەبارەت بە دۆخی خوێندنی کوردی لە بەغدا، د. فەلاح قەیسی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی بەغدا بە رووداوی راگەیاند: "دۆخی خوێندنی کوردی تاڕادەیەک باشە. پێشتریش میلاکمان بۆ خوێندنی کوردی و تورکمانی دابین کردووە، بەڵام ئێستا دامەزراندنی نوێ نییە و کەمیی مامۆستاش لە هەموو پسپۆڕییەکاندا هەیە بە کوردییشەوە."
لەبارەی بایەخدان بە وانەی زمانی کوردی، د. فەلاح قەیسی گوتی: "ئەمە پەیوەستە بە بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەڕێوەبەری بەشەکانەوە. هەر کەموکوڕییەکیش هەبێت لەسەر ئەوان هەژمار دەکرێت. لە پەروەردەی ئێمەدا لە بەغدا گرنگیی زۆری پێدەدرێ، هەمیشە پێشانگامان کردووەتەوە و ساڵانە ئاهەنگی نەورۆزیش دەگێڕین."
لە بەسرە هیچ قوتابخانەیەک نییە؛ لە نەجەف 150 قوتابخانە وانەی کوردییان تێدا دەخوێندرێ
ئوسامە سەعد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا باس لەوە کرا بڕیاری حکومی دەدرێت تاوەکو وانەی کوردی هاوشێوەی ئینگلیزی و عەرەبی ببێتە وانەیەک، بەڵام جێبەجێکردنی ئەمە پێویستی بە فەرمانی وەزارییە کە تاوەکو ئێستا دەرنەچووە، بۆیە ئێستا لە هیچ قوتابخانەیەکی حکومی و تەنانەت لە قوتابخانە تایبەتەکانی بەسرەیشدا وانەی کوردی ناخوێندرێ."
لە پارێزگای نەجەف گرنگی بە خوێندنی زمانی کوردی دەدرێ. وسام رازقی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی نەجەف بە رووداوی راگەیاند: "وانەی زمانی کوردی لە نەجەف هەیە و لە نزیکەی 150 قوتابخانەی پارێزگاکەدا دەخوێندرێ."
لەبارەی مامۆستایانی وانەکەش، وسام رازقی گوتی: "نزیکەی 30 مامۆستای زمانی کوردیمان هەیە. زۆربەیان خەڵکی نەجەفن؛ هەروەها چەند مامۆستایەکیش هەن کە لە بنەڕەتدا خەڵکی هەرێمی کوردستانن و ئێستا لە نەجەف نیشتەجێن و وانە دەڵێنەوە."
ئەنبار، سەلاحەدین و نەینەوا؛ گرفتی کەمیی مامۆستا
موئەییەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای ئەنبار بە رووداوی گوت: "لە پۆلەکانی چوارەم و پێنجەمی ئامادەیی لە قوتابخانە نموونەییەکان، هەروەها لە بەشێک لە قوتابخانە تایبەتەکاندا هاوشانی زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی، زمانی کوردی دەخوێندرێ."
موئەییەد دلێمی هۆکاری کەمیی خوێندنی وانەکەی بۆ نەبوونی مامۆستا گەڕاندەوە و گوتی: "ئەو مامۆستایانەیەش ئێستا لە ئەنبار وانەی کوردی دەڵێنەوە لە بەغداوە هاتوون."
خوێندنی کوردی لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و نەینەوا لە دەرەوەی ناوچە کوردستانییەکان نییە. جەمال عەگاب، گوتەبێژی پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، جگە لە قەزای خورماتوو، لە هیچ شوێنێکی دیکەی سەلاحەدین وانەی کوردی ناخوێندرێ و چاوەڕوانی بڕیاری بەغدان بۆ ئەو مەبەستە. هەروەها ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەختی کردەوە کە لە سنووری پارێزگاکەیان "جگە لە شنگال، باشیک و مەخموور، لە هیچ شوێنێکی دیکە زمانی کوردی ناخوێندرێ."
ناوچە کوردستانییەکان؛ 125 هەزار قوتابی بە کوردی دەخوێنن
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پشتگوێخستنی بەردەوامی بەغدا، خواست لەسەر خوێندنی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ژمارەی قوتابیان گەیشتووەتە نزیکەی 125 هەزار قوتابی. سەرجەم ئەرکی چاپکردنی کتێب، پێداویستی و دابینکردنی مووچەی مامۆستایانیش لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە.
کەرکووک؛ 105 هەزار قوتابی لە 562 قوتابخانەدا
لە پارێزگای کەرکووک، خوێندنی کوردی پێشوازی لە 105 هەزار قوتابی لە نێو 562 قوتابخانەدا کردووە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابیان، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 200 هەزار کتێبی لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی 12 دابین کردووە."
ئاشکرایشی کرد کە تاوەکو ئێستا 1,050 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گوێزراونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بەرزتر ببێتەوە.
لەبارەی ئاستەنگەکانیش گوتی: "100 باڵەخانەی قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و 40یان زۆر کۆنن، هەروەها 30 بۆ 40 قوتابخانە بە سیستمی سێ دەوامی کار دەکەن. لە ساڵی 2017ـەوە حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەش بە خوێندنی کوردی نەکردووە و تەنانەت یەک قوتابخانەشی نۆژەن نەکردووەتەوە."
کامەران عەلی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆی 8,200 مامۆستا و کارمەندی خوێندنی کوردی کە سەرجەمیان لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستانن، 1,100ـیان بە گرێبەست کار دەکەن و لە دوو ساڵدا 500 مامۆستاش خانەنشین بوون بێ ئەوەی کەس لە شوێنیان دابمەزرێت.
لە خورماتوو قەیرانی میلاک هەیە بەهۆی خانەنشینبوونەوە
لە قەزای خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، ژمارەی قوتابیانی خوێندنی کوردی گەیشتووەتە نزیکەی 5 هەزار قوتابی لە 35 قوتابخانەدا.
تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند: "مامۆستایان بە سێ قۆناخ لەسەریەک خانەنشین بوون و تاوەکو ئێستا کەس لە شوێنیان دانەمەزراوە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە مامۆستایانی وانەکان دروستکردووە، بە جۆرێک بەشێک لە قوتابیان بێبەشبوون لە خوێندنی هەندێک وانە."
تارق ئەحمەد گوتیشی، لە سنوورەکە 450 مامۆستا لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستان و 300 مامۆستاش لەسەر میلاکی بەغدان، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک باڵەخانەی نوێ بۆ خوێندنی کوردی دروست نەکراوە، پێنج قوتابخانە لە دۆخێکی زۆر خراپدان و یەک قوتابخانەش بە سێ دەوامی بەڕێوەدەچێت.
شنگال؛ چوار دەوامی و نەگەیشتنی کتێب
لە قەزای شنگال، 15 هەزار قوتابی لە 70 قوتابخانەی خوێندنی کوردیدا دەخوێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی بینای سەربەخۆ، تەنیا 26 باڵەخانەیان هەیە و ئەوانی دیکە لە نێو باڵەخانەی قوتابخانە عەرەبییەکاندا دەوام دەکەن.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال بە رووداوی راگەیاند: "لە شنگال قوتابخانەمان هەیە دەوامی دووفاقە، سێفاقە و تەنانەت چوار دەوامی (رباعي) تێدایە، و زۆربەی قوتابیانی کورد ناچارن دوای نیوەڕوان دەوام بکەن."
مەیسەر حەجی ئاشکراشی کرد کە هەزار مامۆستا و فەرمانبەریان لەسەر میلاکی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام گەورەترین گرفت بۆ ئەمساڵ، نەگەیشتنی کتێبی خوێندنە بەهۆی کۆسپ و رێکارە کارگێڕییەکانەوە، بە جۆرێک زەنگی دەوام لێدراوە و تاوەکو ئێستا کتێب بەسەر قوتابیاندا دابەش نەکراوە.

