رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027ـە لە عێراق، کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان. بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن و ئاشکراشی دەکات کە پێویستیان بە زیاتر لە 8 هەزار باڵەخانەی نوێیە بۆ نەهێشتنی دوو دەوامی و سێ دەوامی.
رۆژی یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، د. فەلاح قەیسی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی بەغدا و بریکاری بەوەکالەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی و خوێندکار لە سەرجەم قۆناخەکان روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو قوتابییانەی کە ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار دەچنە بەر خوێندن، د. فەلاح قەیسی گوتی: "زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بۆ ئەم ساڵ ناویان تۆمار کراوە."
بریکاری وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی چوونەوە بەر خوێندن لە وڵات گەیشتووەتە نزیکەی 98%، روونیشیکردەوە: "بەهۆی دەستپێشخەرییەک پار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی یونیسێف، توانرا ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانەی لە خوێندن دابڕابوون بگەڕێندرێنەوە بەر خوێندن، کە لە سەرانسەری عێراقدا گەیشتە نزیکەی 238 هەزار قوتابی."
گوتیشی: "پێش دەستپێکردنی دەوام هەڵمەتێکی فراوان بۆ نۆژەنکردنەوە، پاککردنەوە، بۆیاخکردنی مێز و کورسییەکان و ئامادەکردنی باخچە و بنکەی تەندروستیی نێو قوتابخانەکان ئەنجامدراوە."
عێراق پێویستی بە 8 هەزار قوتابخانەی نوێیە
سەبارەت بە پرسی باڵەخانەی قوتابخانەکان کە کێشەی سەرەکیی کەرتی پەروەردەیە، فەلاح قەیسی ئاشکرای کرد: "لە سەرانسەری عێراقدا خاوەنی نزیکەی 24 هەزار قوتابخانەین، بەڵام بۆ نەهێشتنی دەوامی دوو دەوامی و سێ دەوامی، لەگەڵ نەهێشتنی قوتابخانە گڵین و کەرەڤانە، عێراق پێویستی بە زیاتر لە 8 هەزار باڵەخانەی نوێ هەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ ئەم ساڵی خوێندن، زیاتر لە 1,000 قوتابخانەی نوێ تەواو کراون و رادەستی ئیدارەکان کراون، بەشێکیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێککەوتنی عێراق و چین و بەشێکی دیکەشیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان لە پارێزگاکان دروستکراون."
"کەموکوڕی لە دابەشکردنی کتێبدا هەیە"
لەبارەی دابینکردنی کتێب، بریکاری وەزارەت گوتی: "وەزارەت دەستی بە دابەشکردنی کتێب لە کۆگەکان کردووە، هەروەها سوود لە کتێبە گەڕاوەکانی ساڵی رابردوو وەرگیراوە و هەڵمەتی بەرگکردنەوە ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش لە هەندێک کتێبدا رێژەی دابینکردن کەمە و کەلێن و کەموکوڕی لە دابەشکردندا بەدی دەکرێت."
سەبارەت بە دۆخی خوێندنی کوردی لە بەغدا، د. فەلاح قەیسی باسی لەوە کرد، "دۆخی خوێندنی کوردی تاڕادەیەک باشە، پێشتریش میلاکمان بۆ خوێندنی کوردی و تورکمانی دابین کردووە، بەڵام ئێستا دامەزراندنی نوێ نییە و کەمیی مامۆستاش لە هەموو پسپۆڕییەکاندا هەیە بە کوردییشەوە."
سەبارەت بە بایەخدان بە وانەی زمانی کوردی گوتی: "ئەمە پەیوەستە بە بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەڕێوەبەری بەشەکانەوە، هەر کەموکوڕییەکیش هەبێت لەسەر ئەوان حیساب دەکرێت. لە پەروەردەی ئێمەدا لە بەغدا گرنگیی زۆری پێدەدرێت، هەمیشە پێشانگامان کردووەتەوە و ساڵانە ئاهەنگی نەورۆزیش دەگێڕین."
