رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی جیاکردنەوەی ناحیەی قەرەتەپە لە قەزای خانەقین و گۆڕینی بۆ قەزایەکی سەربەخۆ، برایە بەردەم دادگەی تێهەڵچوونەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی دادگەی کارگێڕی سکاڵایەکی دژی ئەو بڕیارە رەتکردەوە.
پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026، نزار سامان، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگەی کارگێڕیمان ئاراستەی دادگەی تێهەڵچوونەوە کردووە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایین لەسەر ئەم پرسە."
ئەم تانەیە دوای ئەوە دێت کە لە 22ی تەممووزی ئەمساڵدا دادگەی کارگێڕی ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە لە دژی پارێزگاری دیالە و وەزیری پلاندانانی عێراق تۆمار کرابوو بە مەبەستی راگرتنی بڕیارەکە، کە تێیدا جەخت لە نادەستووریبوونی کرابووەوە.
نزار سامان دەڵێت: "ناحیەی قەرەتەپە دەکەوێتە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و نابێت بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی سنووری کارگێڕییەکەی بکرێت و لە خانەقین جیابکرێتەوە."
ئەو پارێزەرە کێشەیەکی یاساییش لە دۆسیەکەدا دەخاتەڕوو و دەڵێت: "کاتێک بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە دراوە، ژمارەی دانیشتووانەکەی 46 هەزار کەس بووە، لە کاتێکدا بەپێی یاساکانی پلاندانان لە عێراق، پێویستە هەر یەکەیەکی کارگێڕی بۆ ئەوەی ببێتە قەزا، لانیکەم ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 50 هەزار کەس کەمتر نەبێت."
لە 22ی تشرینی یەکەمی 2025ـدا، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، پارێزگار بە فەرمی فەرمانی جیاکردنەوەی ناحیەی قەرەتەپەی لە قەزای خانەقین و بەقەزاکردنی واژۆ کرد.

.jpeg&w=3840&q=75)
