رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هیچ جۆرە نەرمی و سازشێکی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە نیشاندابێت و رایدەگەیێنێت، ئێستا تەنیا دۆسیەی تەنگەی هورمز لەسەر مێزی گفتوگۆیە و چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئەمریکان لە رێگەی قەتەرەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ نیویۆرک، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کە ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەڵێم کە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستەکانی ئێراندا رووینەداوە. لەم کاتەدا تەنیا پرسی تەنگەی هورمز لەسەر مێزی دانوستاندنە و کردنەوەی ئەو رێڕەوە ستراتیژییەش بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی تەواوی ئەو مەرجانەی کە بە لایەنی بەرامبەرمان گەیاندووە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەدا مەرجەکان لەلایەن رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاریکراون و گوتی: "مەرجەکانمان دادپەروەرانە و لۆژیکین، ئەگەر ئەمریکییەکان راست دەکەن و بەدوای چارەسەری ئاشتیانەدا دەگەڕێن، ئێمە پرۆژە و رێگەچارەکەمان پێشکەش کردوون."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەرییەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "گفتوگۆمان لەسەر میکانیزمی هێنانەدیی مەرجەکانی ئێران کردووە؛ قەتەرییەکان چەند پێشنیازێکی نوێیان هەبوو کە بڕیارە لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا تاوتوێی بکەن. دوای ئەوە، وەڵامی کۆتایی ئەمریکا لە رێگەی دەوحەوە دەگاتە دەستمان و بڕیاری کۆتایی لە تاران لەسەر دەدرێت."
عێراقچی هیوای خواست هەر ئەمڕۆ وەڵامە نووسراوەکەی واشنتنیان پێبگات.
ئەم لێدوانەی عێراقچی وەک وەڵامێکە بۆ راپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا کە باسیان لەوە کردبوو تاران ئامادەیی نیشانداوە لە بەرامبەر سووککردنی سزاکان و کردنەوەی هورمز، لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیدا پاشەکشە بکات.

