رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای چەند وەبەرهێنەرێکی کورد دەڵێن، نوێنەرێکی پێشوویان لە رێگەی "گەندەڵییەکی گەورە" و بە پشتیوانی "گرووپێکی چەکدار" دەستی بەسەر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی نەوتدا لە بەندەری خور زوبێر لە پارێزگای بەسرە گرتووە، کە نرخەکەی زیاتر لە 705 ملیۆن دۆلارە. پارێزەری کۆمپانیاکە دەڵێ، ئەو کەسە 70 ملیار دیناری لە هەژماری بانکیی کۆمپانیاکە راکێشاوە و بەڵگەنامەی ساختەی بۆ فرۆشتنی 35%ی پشکەکانی پڕۆژەکە بەکارهێناوە.
رەخشان رەشید ئامێدی، پارێزەری راوێژکار و نوێنەری کۆمپانیای جەوارح، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکاریی دۆسیەیەکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان کە لەلایەن گرووپێک وەبەرهێنەری کوردەوە دامەزراوە، رووبەڕووی دەستبەسەرداگرتنی پڕۆژەکەی لە بەندەری خور زوبێر لە باشووری عێراق بووەتەوە.
بە گوتەی رەخشان رەشید، کۆمپانیاکەیان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق واژۆ کردبوو، کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، بۆ دروستکردن و بەڕێوەبردنی دوو سەکۆی نەوت لەسەر بەندەری خور زوبێر. بەهای وەبەرهێنانەکە زیاتر لە 705 ملیۆن دۆلار بووە و ئامانج لێی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بووە.
نوێنەری کۆمپانیای جەوارح گوتی: "ئێمە تیمێکی پسپۆڕی بیانیمان هێنا کە لە شارەزایانی ئەڵمانی، هۆڵەندی و ئیتاڵی پێکهاتبوون بۆ کارکردن لە پڕۆژەکەدا، بەڵام بەداخەوە هەموویان بەهۆی هەڕەشە و گوشاری تەلەفۆنییەوە ناچاربوون کارەکانیان جێبهێڵن و بڕۆن."
بە گوتەی نوێنەری ئەو کۆمپانیایە، کێشەکە کاتێک دەستی پێکردووە کە نوێنەرێکی پێشووی کۆمپانیاکە، کە دەسەڵاتی یاسایی پێدرابوو، پێگەی خۆی بەکارهێناوە و چەندین کاری نایاسایی ئەنجامداوە. رەخشان رەشید ئامێدی گوتی: "ئەو کەسە بە رۆژێک 47 ملیار دینار و بە گشتی 70 ملیار دیناری لە هەژماری بانکیی کۆمپانیاکەمان لە بانکی ئەهلی عێراقی راکێشا، لە کاتێکدا هیچ دەسەڵاتێکی لەو جۆرەی نەبوو." ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵگەی بانکییان لەسەر ئەو کارە هەیە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە.
جگە لە راکێشانی ئەو بڕە پارەیە، بە گوتەی نوێنەری کۆمپانیاکە، ئەو کەسە بە پشتیوانی "گرووپێکی چەکدار" دەستی بەسەر سەکۆی ژمارە 41ی پڕۆژەکەدا گرتووە. رەخشان رەشید گوتی: "دوای راکێشانی پارەکە، گرووپێکی چەکدار چوونەتە سەر سەکۆکە و کۆنترۆڵیان کردووە. ئەمە بابەتێکی مەترسیدارە و ئێمە سکاڵامان لەسەر تۆمار کردووە."
یەکێکی دیکە لەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ئەو نوێنەرە پێشووە دەکرێتەوە، ساختەکردنی بەڵگەنامەیە بۆ فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیاکە. رەخشان رەشید ئامێدی دەڵێ: "ئەو کەسە گرێبەستێکی ساختەی دروستکردووە و بەپێی ئەو گرێبەستە، 35%ی پشکەکانی پڕۆژەکەی فرۆشتووە، کە موڵکی کۆمپانیاکەیە و بەشێکە لە موڵکی دەوڵەتی عێراق. ئەمە تاوانێکی گەورەی گەندەڵییە."
بە گوتەی پارێزەرەکەی کۆمپانیای جەوارح، ئەو نوێنەرە پێشووە ئێستا هەڕەشە لە وەبەرهێنەرە کوردەکان دەکات و چەندین سکاڵای "بێ بنەما"ی دژیان تۆمارکردووە بۆ گوشارخستنە سەریان؛ هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەندێکیان دەرکردووە.
رەخشان رەشید ئامێدی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی خێرا پێکبهێنێت بۆ بەدواداچوونی راستییەکان و گوتی: "ئێمە لە رێگەی رووداوەوە دەنگمان دەگەیێنینە بەڕێز سەرۆکی حکومەتی عێراق. با لیژنەیەک پێکبهێندرێ و تەنیا سەردانێکی سەکۆی ژمارە 41 لە بەندەری خور زوبێر بکات، ئەو کاتە هەموو راستییەکان ئاشکرا دەبن. با لیژنەکە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق و چاودێریی دارایی پێکبێت و لێکۆڵینەوە بکات کە ئایا ئەو گرووپە بەپێی یاسا کاردەکەن یان وەک مافیا."
نوێنەری کۆمپانیاکە هۆشداریشیدا لە مەترسییەکانی مانەوەی سەکۆکە لەژێر دەستی "کەسانی ناشارەزا" و گوتی: "ئێستا نزیکەی 130 بۆ 140 هەزار تۆن نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لەوێیە، هەر رووداوێک ببێتەهۆی تەقینەوە، کارەساتێکی گەورە روودەدات."
رەخشان رەشید ئامێدی ئامادەیی تەواوی کۆمپانیاکەی بۆ هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێشکەشکردنی هەموو بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان نیشاندا بۆ ئەوەی "راستییەکان وەک خۆی دەربکەون."

