رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەشی پێشبینییەکان لە دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێ، پێشبینی دەکرێ لە شەوی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی پچڕپچڕ ناوچەکانی باشووری کوردستان و عێراق بگرێتەوە و تاوەکو بەیانیی رۆژی هەینی بەردەوام بێت.
رۆژی دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026، مەحموود عەبدوللـەتیف، سەرۆکی بەشی پێشبینیی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکەین لە شەوی چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، عێراق و ناوچەکە بکەونە ژێر کاریگەریی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای سوور کە پەستانی هەوا تێیدا دەگاتە 1,009 میلیبار، لەگەڵ بارستە هەوایەکی شێدار، ئەمەش دەبێتەهۆی بارینی بارانی پچڕپچڕ و کەم لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و نێوەڕاستی عێراق."
شەپۆلەکە کەی دەستپێدەکات و کەی کۆتایی دێت؟
مەحموود عەبدوللـەتیف لەبارەی کاتی شەپۆلەکە گوتی: "پێشبینی دەکرێ بارانبارینەکە لە شەوی چوارشەممەوە دەستپێبکات، بە درێژایی رۆژی پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026 بەردەوام بێت و تاوەکو بەیانیی رۆژی هەینی 2ـی تشرینی یەکەم لە هەندێک ناوچە دەمێنێت. بارانەکە بە گشتی کەم و پچڕپچڕ دەبێت و لەو ئاستەدا نییە کە ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بکات."
سەرۆکی بەشی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "زۆرترین بڕی باران لەم شەپۆلەدا لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانی دەبێت."
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، ئەو ناوچانەی شەپۆلەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە:
- باشووری کوردستان: پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و ناوچەی خانەقین لە دیالە.
- سەنتەری شاری مووسڵ و قەزاکانی رەبیعە، تەلەعفەر، شنگال و تەل عەبتە.
- نێوەڕاست و رۆژئاوای عێراق: بەغدا، کەربەلا، نوخەیب، باکووری حللە، پارێزگای دیالە و ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار لەوانە روتبە، عانە، قائیم، رومادی، حەدیسە و عەکاشات.
سەبارەت بە پلەی گەرما، مەحموود عەبدوللـەتیف گوتی، لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دابەزینێکی بەرچاو دەستی پێکردووە و کەشوهەوا بەرەو فێنکبوون چووە و زیاتریش دادەبەزێ و گوتی: "لە بەغدا و نێوەڕاست، پلەی گەرما دەچێتە خوار40 پلەی سیلیزی و لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باکوور پلەی گەرما لەنێوان 31 تاوەکو 33 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێن."
هاوکات د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دوایین رۆژی گەرمای هاوینەیە و لە سبەیەوە پلەی گەرما 5 بۆ 6 پلە دادەبەزێ."
ئەو شارەزایە دەڵێت: "لە سبەیەوە لە سنووری بادینان ئەگەری بارانی پچڕ پچڕ هەیە، بەڵام لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە شەپۆلێکی سەرتاسەری نمەباران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."


