رووداو دیجیتاڵ
پێشنوێژ و گوتارخوێنی نەجەف، سوپاسی خەڵکی پارێزگای بەسرەی کرد بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی گۆرانییەکانی کەناڵی (سپەیس توون) و بە "فێستیڤاڵێکی خراپ و بێسەروبەر" وەسفی کرد.
سەدرەدین قوبانچی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی نەجەف، رۆژی هەینی (18ـی ئەیلوولی2026)، لە گوتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند: "سوپاسی خەڵکی بەسرە و زانایان و هۆزەکانیان دەکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی فێستیڤاڵێکی بێسەروبەر کە ویتسیان لە بەسرەی بڕوادار و پاکدا بیکەن." راشیگەیاند، ئەم هەڵوێستە نیشانەی تێگەیشتنی خەڵکە لە مەترسیی ئەو "ئاڵنگارییە رەوشتییانەی" کە لەلایەن نەیارانەوە بۆیان دادەرێژرێت.
هەر لە گوتارەکەیدا، سەدرەدین قوبانچی هۆشداریی دا لە بوونی "نەخشەیەکی بێباوەڕانە بۆ نانەوەی پشێوی و هاندانی رای گشتی دژی یەمەن و عێراق"، هەروەها سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر مەککە و مەدینەی کرد.
بڕیاربوو کۆنسێرتەکە لە رۆژی 28-8-2026 لە یاریگەی یانەی مینا لە بەسرە بەڕێوەبچێت، کە تێیدا گۆرانییە کۆنەکانی کارتۆنەکانی کەناڵی منداڵانی (سەپەیس توون) پێشکێش دەکران، بەڵام دوای ئەوەی گرووپە ئاینییەکان لەنێو بەسرەدا کەمپەینێکیان دژی کۆنسێرتەکە دەستپێکرد، کۆمپانیا رێکخەرەکە ناچار بوو سەرەتا دوای بخات و دواتر بە یەکجاری هەڵیبوەشێنێتەوە.
کۆمپانیاکە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "زۆر حەزمان دەکرد گەشتێکی پڕ لە بیرەوەری لەگەڵ خەڵکی بەسرە بکەین، بەڵام بارودۆخی دەرەوەی ئیرادەی ئێمە رێگری لەم دیدارە کرد."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە 17-10-2025دا، هەمان گرووپ (تاریق عەرەبی و تیمی گەنجانی داهاتوو) کۆنسێرتێکی گەورەیان لە بەسرە کرد و هەزاران گەنج بەشدارییان تێدا کرد و پێشوازییەکی زۆری لێکرا. بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی گوشاری گرووپ و لایەنە ئاینییەکانەوە رێگری لەم کۆنسێرتە کرا.


