رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گەشتوگوزاری عێراق سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی ستراتیژیی 10 ساڵەیە کە ئامانج لێی راکێشانی 10 ملیۆن گەشتیاری بیانییە بۆ شوێنەوارە مێژووییەکانی وڵات تاوەکو ساڵی 2035.
عەلی یاسین، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دیدگایەکی پێشنیازکراو بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانی لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری گەڵاڵە کراوە، کە بۆ ماوەی 10 ساڵ (تاوەکو ساڵی 2035) دەخایەنێت و ئامانجمان راکێشانی 10 ملیۆن گەشتیاری بیانییە بۆ شوێنەوارەکان."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق ئاشکرای کرد، بەمەبەستی گەڵاڵەکردنی ئەم پلانە، رۆژی شەممە 26ـی ئەم مانگە دووەمین وۆرکشۆپی تاوتوێکردنی ستراتیژیی نیشتمانیی گەشتوگوزاری عێراق بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.
بەگوتەی عەلی یاسین، پایە سەرەکییەکانی ئەم ستراتیژە بریتین لە: نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان، پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی سروشتی، کەلەپووری و ژینگەیی، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە پرۆسەی بەبازاڕکردن و پەرەپێدانی کەرتەکەدا، سازکردنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و راهێنانی کارمەندان و بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداریی کەرتی گەشتوگوزار لە داهاتی نیشتمانیی وڵاتدا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
_(1).jpeg&w=3840&q=75)