رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و چەندین بڕیار و راسپاردەی نوێ لە کەرتی نەوت، تەندروستی و رێگەوبانەکان پەسند کران.
کەرتی نەوت و وزە
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بواری نەوتدا، ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەی تایبەت بە بەدەرکردنی گرێبەستە لاوەکییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی پەسند کرد، ئەمەش بۆ ئاسانکاری لەو چالاکییانەی پەیوەندییان پێوە هەیە.
سەبارەت بە پاڵپشتیی بەرهەمە نەوتییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە هەموارکردنەوەی بڕگەی (1/ئەلف) لە بڕیاری ژمارە (68)ی ساڵی 2026. بەپێی هەموارەکە، بڕی هەناردەی نەوتی رەش کە لە پاڵاوتنی نێوخۆیی بەرهەم دێت، بەمشێوەیە دیاری دەکرێت: (کۆی بەرهەمی پوخت، دوای دەرکردنی ئەو بڕەی بۆ وەزارەتی کارەبا تەرخان کراوە). هەردوو وەزارەتی (نەوت و کارەبا) راسپێردراون کە راپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی دانانی پێوەری ستاندارد لەسەر وزەدان بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پێشکەش بکەن. هاوکات، وەزارەتەکانی (نەوت و پیشەسازی و کانزاکان) لێکۆڵینەوەیەک بۆ دیاریکردنی پێویستیی کەرتی پیشەسازی لە ماددەی نەوتی رەش و توانای دابینکردنی ئامادە دەکەن.
چاكسازیی دارایی و کارگێڕی
لە چوارچێوەی چاکسازیی دارایی و کارگێڕیدا، ئەنجوومەنی وەزیران ئەو راسپاردانەی پەسند کرد کە تایبەتن بە پێدانی پشکی گەنجینەی گشتی لەلایەن کۆمپانیا گشتییەکان و فەرمانگەکانی خۆبژێوی. دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیش راسپێردرا، کە لیستێک بداتە وەزارەتی دارایی و تێیدا پشکی گەنجینەی گشتی لە ئەستۆی کۆمپانیاکانی خۆبژێوی دیاری بکرێت.
کەرتی تەندروستی
لە کەرتی تەندروستیدا، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی داوەتە وەزارەتی پلاندانان کە ئەو کۆمپانیا و کارگانەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی بەرهەم دەهێنن، لە مەرجی پێشکێشکردنی لێهاتوویی دارایی بەدەر بکات، کە لە رێنوێنییەکانی گرێبەستە گشتییەکاندا هاتووە. هەروەها، لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی (تەندروستی و پلاندانان) پێکدەهێندرێت بۆ دانانی رێوشوێنی تایبەت بە دابینکردنی دەرمان، ڤاکسین و ئامێری پزیشکی. ئەو کۆمپانیا و کارگانەی گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی بە بازاڕکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی (کیمادیا) هەیە، لە مەرجی لێهاتوویی دارایی بەدەر دەکرێن.
رێگەوبان و سەلامەتیی هاتووچۆ
بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی هاتووچۆ، ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەیەکی تایبەتی بۆ دابینکردنی ئامێری هێڵکاریی رێگەوبانەکان و پێداویستییەکانی پەسند کرد. بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ تەندەرێکی گشتی رابگەیێنێت یان بانگهێشتی لانیکەم (5) کۆمپانیای پسپۆڕ بکات. پێویستە تایبەتمەندیی ئامێرەکان بەپێی مەرجەکانی دەزگای ناوەندیی ستاندارد و کۆنتڕۆڵی جۆری بێت.



