رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە فەرەنسا و ئەڵمانیا و لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتەدا چەندین رێککەوتنی ستراتیژی واژۆ دەکات.
رۆژی پێنچشەممە، 10ـی ئەیلوولی2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەم سەردانەی عەلی فالح زەیدی بە بانگهێشتی فەرمیی پاریس و بەرلینە، ئەوەش نیشانەی "پەرۆشیی هەردوولایە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی عێراق و یەکێتیی ئەورووپا."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق راشیگەیاند:" شاندێکی باڵا یاوەریی سەرۆکوەزیران دەکەن و لە کۆبوونەوەکاندا تیشک دەخرێتە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی، وزە، پیشەسازی و تەکنەلۆژیا".
حەیدەر عەبوودی گوتیشی: "ئامانج لەم گەشتە، گۆڕینی لێکتێگەیشتنەکانە بۆ پڕۆژەی کردەیی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات."
بەگوتەی حەیدەر عەبوودی، سەرۆکوەزیران دەیەوێ لە رێگەی ئەم گەشتەوە دەرفەت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا بڕەخسێنێت تاوەکو لە پڕۆژەکانیان لە عێراق بەشدار بن، ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و گەشەپێدانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان.
