رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایدەگەیێنێت، رۆژی 30ـی ئەیلوول دوامۆڵەتە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. هەروەها لەبارەی چارەنووسی پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێت، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی تورکیا هەیە، لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا یان چوونە دەرەوە لە عێراق.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "30ـی ئەیلوول دوامۆڵەتە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ویستی حکوومەتی عێراق." گوتیشی: "رۆژانە بە خێرایی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەکشێنەوە. نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان چاودێریی پرۆسەی کشانەوەکە دەکات و کارئاسانیی پێویستی پێشکەش کردووە."
نوعمان، باسی لە بەردەوامیی چاودێریی هێزە ئەمنییەکان کرد بەدوای پاشماوەکانی داعش و رایگەیاند: "پرۆسەی (ویستی پۆڵایین) لە 30ـی ئەیلوول کۆتایی دێت. هاوئاهەنگییەکی بەرز هەیە بۆ هەموو چالاکییە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتیی نووسینگەی فەرماندەی گشتی."
گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیدا لەم هەفتەیەدا، چەندین دۆسیە تاوتوێ کراون، لەوانە ئامادەیی هێزەکان، لیوا هاوبەشەکانی نێوان هێزە فیدراڵییەکان و هەرێمی کوردستان، دەروازە سنوورییەکان، دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان و رادەستکردنی داواکراوان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
سەباح نوعمان گوتی: "لە کۆبوونەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی راسپێردراوە بۆ رادەستکردنی داواکراوان بە شێوەیەکی خێرا و دوور لە رۆتین."
سەبارەت بە پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، نوعمان گوتی: "رێگە نادەین چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت هەبێت و پرۆسەی رێکخستنی چەک بەپێی دیدگەی حکوومەت بەڕێوەدەچێت. فەرماندەی گشتی لە گفتوگۆکانی لەم بارەیەوە بەردەوامە."
سەباح نوعمان، ئاماژەی بە چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە کرد و گوتی: "لەگەڵ لایەنی تورکیا گفتوگۆ هەیە لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا یان چوونە دەرەوەیان لە عێراق بۆ شوێنێک کە خۆیان هەڵیدەبژێرن."
.webp&w=3840&q=75)
-X3.jpg&w=3840&q=75)