رووداو دیجیتاڵ
رێبینی ئاسنگەر سکاڵای دۆسیەی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی دەباتە نووسینگەی مافی مرۆڤی دیالە. بەرپرسی دۆسیەکە دەڵێت، لەدوای لێکۆڵینەوە ئەگەر سەلمێندرا، ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەن.
ئەو گەنجە کاکەییەی خانەقین 30ـی ئاب لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نووسینی کوردی بۆ تابلۆی دووکانەکەی لەپاڵ نووسینە عەرەبییەکەدا زیاد کردبوو، وەک خۆی دەڵێت لە زیندان ئەشکەنجە دراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، رێبینی ئاسنگەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیوەندی بە نووسینگەی مافی مرۆڤی دیالەوە کردووە و بەوپێیەی ناتوانێت بێتە ئەو پارێزگایە، پێیان راگەیاندووە دەتوانێت لە نووسینگەی مافی مرۆڤ لە هەولێر سکاڵا تۆمار بکات و گوتی: "ئەو سکاڵایە تۆمار دەکەم."
ئەو گەنجە کوردە لە هەڤپەیڤینێکی رووداو باس لەو پێشێلکارییە یاسایی و مرۆییانە دەکات کە بەرامبەری کراون و دادپزیشکیش راپۆرتی لەبارەی ئەشکەنجەدانی ئامادە کردووە.
سەلاح مەهدی، بەرپرسی نووسینگەی دەستەی مافی مرۆڤ لە دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: رێکارەکانی تۆمارکردنی سکاڵا وایە کە فۆرمێکی تایبەت لەلای ئەوان پڕ دەکاتەوە و لەدوای لێکۆڵینەوە بە پشتبەستن بە راپۆرتی دادپزیشکی ئەگەر سەلمێندرا، دۆسیەکەی رەوانەی داواکاری گشتی و دواتر دادگەی لێکۆڵینەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکرێت.
دوای سێ رۆژ لە دەستگیرکردن، رێبینی ئاسنگەر ئازادکراوە، لەپاش ئەوەی براوەتە بەردەم دادوەر لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە.

.webp&w=3840&q=75)
-X3.jpg&w=3840&q=75)