رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، کۆمەڵێک راسپاردەی تایبەت بە پارێزگای نەجەف دەرکرد و هۆشداریی دا لە "زێدەڕۆییە شەرعی و تەندروستییەکان" و رایگەیاند، بەکارهێنانی وێنەی "ئال سەدر" بۆ مەبەستی بازرگانی قەدەخەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، موقتەدا سەدر، لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسی: "نەجەف پایتەختی تەشەییوعە لە هەموو جیهاندا، بۆیە ناکرێت رەفتارێک بێتە ئاراوە کە پێشێلکارییەک بێت بۆ پیرۆزیی ئەو شارە." سەدر بەتایبەتی ئاماژەی بە بازاڕەکانی ئەو شارە کرد و باسی لەو "زێدەڕۆییە شەرعی و تەندروستییانە" کرد کە تێیدا روودەدەن.
موقتەدا سەدر، کە کوڕی مەرجەعی گەورەی شیعەکان، محەممەد سادق سەدرە، بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی عێراق دادەنرێت. رەوتەکەی خاوەنی بنکەیەکی جەماوەریی بەرفراوانە و بڕیار و راسپاردەکانی کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی شوێنکەوتووانی هەیە.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای "چاودێریی تووند"ی کرد لەسەر بازاڕ، چێشتخانە، دووکان و هەموو ئەو بەرهەمانەی کە دەبێت لەگەڵ بنەما شەرعی و تەندروستییەکاندا گونجاو بن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئەو ئافرەتانەی لە کەرتی گواستنەوەی گشتیدا کاردەکەن، بەتایبەتی لەو فڕۆکانەی روو لە فڕۆکەخانەی نەجەف دەکەن، پابەندی باڵاپۆشی بن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر داوای رێگریی لە "کاڵا حەرامکراوەکان" و هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانەی کرد کە لەگەڵ یاسای ئاساییکردنەوە و "یاسا ئاسمانی و مرۆییەکان"دا نایەنەوە.
سەبارەت بە وێنەی بنەماڵەکەیان، سەدر رایگەیاند، "بەکارهێنانی وێنەی ئال سەدر لە هەموو بوارێکی بازرگانیدا بەتەواوەتی قەدەخەیە." گوتیشی، "ئەم کارە شیاو نییە و کەمکردنەوەیەکە لە ئێمە، ئال سەدر. ئەگەر بەدەنگەوەهاتن نەبینین، ئەوا هەنگاوی پێویست دەنێین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر هۆشداری داوە و دەڵێت، "ناوبانگی ئال سەدر و ناوبانگی نەجەف هێڵی سوورن و نابێت بە هیچ شێوەیەک ببەزێندرێن."
.webp&w=3840&q=75)
-X3.jpg&w=3840&q=75)