رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەشتییەکی هەڵگری سووتەمەنی لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق دا کراوەتە ئامانج و زیانی مادیی بەرکەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کاژێر 5:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کەشتییەکی جۆری (کۆگا) کە تایبەتە بە گواستنەوەی زەیتی سووتەمەنی و هەڵگری ئاڵای کۆماری پەنەمایە، لەکاتێکدا لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق دا بووە، لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە بەئامانج گیراوە و زیانی پێگەیێندراوە."
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راشیگەیاندووە، "رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی کارمەندانی کەشتییەکەی لێنەکەوتووەتەوە، هەروەها هیچ بڕە سووتەمەنییەکیش دزەی نەکردووەتە نێو ئاوەکە."
بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، لایەنە ئەمنی و فەرمی و دەریاوانییە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە گرتنەبەری رێکاری پێویست کردووە، کەشتییەکە دابڕاوە و خراوەتە ژێر چاودێریی بەردەوام، هاوکات چاودێریی ناوچەکە دەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ سووتەمەنییەک دزەی نەکردووە و هیچ مەترسییەک بۆ سەر سەلامەتیی کەشتیوانی و ژینگەی دەریایی دروست نەبووە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی رووداوەکە دەکەن و کاردەکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوە و هۆکارەکانی. دەشڵێن: "لە ئەگەری بوونی هەر زانیاری و پێشهاتێکی نوێ زانیاریی بڵاودەکەینەوە".


