رووداو دیجیتاڵ
دەستەی هەواڵگری و ئاسایشی کەربەلا، تۆمەتبارێکی پاکستانی دەستگیرکردووە کە بڕی 18 ملیۆن دیناری لە وێستەگەیەکی سووتەمەنیی پارێزگاکە دزیبوو و بەرەو دەرەوەی کەربەلا هەڵاتبوو.
وەزارەتی بەرگریی عێراق، رۆژی چوارشەممە( 9ـی ئەیلوولی 2026)، لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە:" بەرێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەربەلا، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، توانرا شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بكرێت"
توانراوە بڕی 14 ملیۆن دینار لە کۆی بڕی پارە دزراوەکە بگەڕێننەوە، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتبارەکە بەشێک لە پارەکەی رەوانەی پاکستان کردبووەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، 14 ملیۆنەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ خاوەنەکانی و تۆمەتبارەکە رادەستی دادگە و لایەنی پەیوەندیدار کراوە بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکانی لەبەرامبەر بگرێتەبەر.
یاسای نیشتەجێبوونی ژمارە 76ی ساڵی 2017 لە عێراق، رێگە بە مانەوە و دەرچوونی هاووڵاتییانی بیانی دەدات، لە وەزارەتی کاری عێراقیش مافی کارکردنیان لە لایەن کۆمپانیا مۆڵتپێدراوەکان دەدرێتێ.


