رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات کە ساڵی خوێندنی رابردوو بە ساڵی نەکەوتن هەژماربکات.
چنار حاجی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەکەیاندا و بە رەچاوکردنی دۆخی هەنووکەیی عێراق، راسپاردەیەکیان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنی (2025-2026) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق بە ساڵی نەکەوتن هەژمار بکرێ.
ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارییەکی زۆریان بەدەست گەیشتووە بۆ ئەوەی ساڵی رابردوو بە نەکەوتن هەژمار بکرێ، چونکە زۆر خوێندکار هەن کە دوو ساڵ لەسەریەک کەوتوون و بەپێی رێنماییەکان ئیدی لە خوێندن دەردەکرێن.
چنار حاجی باسی لەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا روون نییە وەزارەتی خوێندنی باڵا راسپاردەکەیان قبووڵ دەکات یان نا و چاوەڕێی وەڵامی وەزارەت دەکەن.
لە عێراق 38 زانکۆی حکومی و 82 زانکۆ و کۆلێژی ئەهلی هەن؛ زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار خوێندکاریان هەیە.



