رووداو دیجیتاڵ
کابینەکەی عەلی زەیدی نزیکەی چوار مانگە تەواو نەکراوە. لە کاتێکدا بڕیاربوو ئەم هەفتەیە ناوی بەربژێری وەزارەتە بەتاڵەکان بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێ، بەرپرسێکی بزووتنەوەی سادیقوون ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری دواکەوتنەکە رێکنەکەوتنە لەسەر بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ.
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026 حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بابەتی بەربژێرکردنی ناوێک بۆ وەزیری ناوخۆ یەکلایی نەبووەتەوە، لەبەر ئەوەیە ناوی بەربژێرەکان بۆ پەرلەمان نەنێردراوە."
14ی ئایاری ئەم ساڵ، دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی درا. بەربژێری نۆ وەزارەت مابوون کە بەربژێری چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرت. پێنج وەزارەتیش نەخرانە دەنگدانەوە.
قاسم عەتا، بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون گوتی، "دەوڵەتی یاسا و بە دیاریکراوی بەڕێز نووری مالیکی، پێداگری لەسەر قاسم عەتا دەکەن."
بەڵام وەک حوسێن شەیحانی دەڵێ، رێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەو لایەنانەی دیکەش کە متمانە بە وەزیرەکانیان نەدراوە، بەو شێوەیەیە کە "ئەو کەسانەی پێشتر متمانەی پەرلەمانیان بەدەست نەهێناوە، بەربژێرنەکرێنەوە."
هاوکات سەڵاح بووشی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا قاسم عەتا بەربژێری ئێمەیە و هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی نییە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانییەکەیان لە سەرەتاوە بەپێی "لێکدانەوەی سیاسی و نیشتمانیی ورد" مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی بەربژێرکردندا کردووە؛ باسی لەوەش کرد، لە هەڵبژاردنی بەربژێرەکاندا تەنیا مەبەستیان بەدەستهێنانی وەزارەت یان بەدیهێنانی دەستکەوتی سیاسی نەبووە، "بەڵکو لەو بڕوایەوە بووە کە قۆناخی داهاتوو پێویستی بە کۆمەڵێک وەزیرە کە خاوەن لێهاتوویی، ئەزموون و توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بن."
یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بەردەم تەواوکردنی کابینەی حکومەتی عێراق، پرسی دانانی سێ یان چوار جێگرە بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی گوت: "بەشی زۆری لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوە نین کە جێگر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دابنرێ."
لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی دانانی جێگر بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەقیل ردێنی دەڵێت، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیان وایە دانانی جێگر، لە رووی داراییەوە قورسایی دەخاتە سەر دەوڵەت.



