رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لیژنەیەک لە باڵیۆزخانەکەی لە تاران رادەسپێرێت بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک خوێندکاری عێراقی لە شارێکی ئێران.
رۆژی دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026 وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی رەوانەی شاری سەمنان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، بۆ بەدواداچوونی هێرشکردنە سەر خوێندکارانی عێراقی.
رووداوی هێرشکردنە سەر ئەو خوێندکارە عێراقییانە رۆژی دووشەممە لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران بڵاوکرایەوە و رایگەیاند، "لەگەڵ دەستەی رۆشنبیریی عێراق، لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ بەدواداچوونی وردی رووداوەکە پێکهێناوە تاوەکو لە نزیکەوە لە هۆکارەکان بکۆڵنەوە و بە زووترین کات چارەسەری بکەن."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە گرنگی زانیوە دۆخێکی گونجاو بڕەخسێنرێت بۆ گەرەنتیی سەلامەتیی هاووڵاتییانی عێراق لە ئێران.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، فەرمانی بە باڵیۆزخانەکەیان لە تاران داوە لە وردەکاریی رووداوەکە بکۆڵنەوە و باڵیۆزخانەکەش لیژنەیەکی رەوانە کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی خوێندکاران و پەیوەندیی بە لایەنی پەیوەندیداری ئێرانەوە کردووە بۆ بەدواداچوونی لێکۆڵینەوەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: "گرنگە رێکاری یاسایی لەدژی ئەوانە بگیرێتەبەر کە هۆکاری ئەو رووداوە بوون."
هێرشکردنە سەر ئەو قوتابییە عێراقییانە لە یەکێک لە بەشەناوخۆییەکانی شاری سەمنان بووە، بەبێ ئەوەی هۆکاری ئەو هێرشە بڵاوبکرێتەوە.
پێشتر یاسر عیزەدین، باڵیۆزی عێراق لە تاران، بە رووداوی گوت: "دۆخەکە کۆنترۆڵە و کێشەکە چارەسەر کراوە."
.jpeg&w=3840&q=75)

