رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 100 رۆژی تەمەنی حکومەتی نوێدا، رێکاری تووندیان بەرامبەر گەندەڵکاران گرتووەتەبەر و بەو هۆیەشەوە 38 ئەفسەر و 180 پۆلیسیان بە یەکجاری لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. هەروەها زیاتر لە 3 هەزار کارمەندیش بەهۆی "هەڵاتن لە ئەرک" دەرکراون.
رۆژی چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی دیسپلینی کار، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 38 ئەفسەر دوای سەلماندنی تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی، بە یەکجاری لە خزمەت دەرکراون.
لیوا میقداد میری ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەم ماوەیەدا 180 کارمەندی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر بنەمای بڕیاری کۆتایی دادگەکان و بەهۆی تێوەگلان لە گەندەڵی، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
جگە لە دۆسیەکانی گەندەڵی، وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتێکی بۆ رێکخستنەوەی میلاک دەستپێکردووە. لیوا میقداد میری رایگەیاند، 3245 کارمەندی دیکە کە پێشتر لە ئەرکەکانیان هەڵاتبوون، بە فەرمی لە میلاکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرکراون.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان جەختی کردەوە، کە ئەم رێکارانە نیشانەی کاری رژدی حکومەتە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کەمتەرخەمی و سەرپێچییەکدا. گوتیشی: "پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەکان لە گەندەڵی و بەهێزکردنی دیسپلین، بناخەی دروستکردنی دەزگایەکی ئەمنیی پیشەییە کە متمانەی هاووڵاتییان و شکۆی دەوڵەت بپارێزێت."
