رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە نەجەف تۆمەتبارێکی دەستگیرکردووە کە دەگوترێت پەیوەندیی بە باندە هەرێمییەکانەوە هەبووە. دەزگاکە دەستی بەسەر 100 هەزار دۆلاری ساختە و چەندین گرێبەستی خانووبەرەدا گرتووە، کە بەهای خانووەکان نزیکەی 10 ملیار دینار بووە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" مەفرەزەکانمان لە پارێزگای نەجەف دوای چاودێرییەکی وردی مەیدانی و هەواڵگری کە دوو مانگی خایاند، توانیمان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەین کە لە بواری ساختەکردنی دراو و زەوی و زاردا چالاک بووە".
لە کاتی هەڵکوتانە سەر شوێنی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر 100 هەزار دۆلاری ئەمریکیی ساختە و بڕێکی زۆر دیناری ساختەدا گیراوە. هەروەها چەندین گرێبەستی ساختەی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە دۆزراونەتەوە، کە بەهاکەیان دەگاتە نۆ ملیار و نیو دیناری عێراقی.
گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، تۆمەتبارەکە کۆمەڵێک تاپۆی زەوی، چەک (پسوولە)، بریکارنامە، مۆری جیاواز و گرێبەستی دیکەی لای خۆی پاراستووە کە بەهاکەیان نزیکەی ملیۆنێک و 750 هەزار دۆلار دەبێت. جگە لەمانە، ئامێری ژماردنی پارە، تۆماری دارایی، کارتی بانکی و دەمانچەیەکیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
تۆمەتبارەکە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

