رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق دەڵێ، دوای ماوەیەک وەستان، گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عێراق دەستیانپێکردەوە.
ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق دەستیان پێکردەوە، دوای ئەوەی لە شەوی رابردووەوە بەهۆی داخستنی ئاسمانی ئێران لە ئەنجامی پێشهاتە ئەمنییەکانەوە سەرجەم گەشتەکان هەڵوەشابوونەوە.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاسمانی عێراق کراوەیە و بە هیچ شێوەیەک دانەخراوە".
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەستیان پێکردەوە و ئەمریکا گوتی، وەک وەڵامێک بووە بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی چڕیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.


