رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو بازاڕە ئۆنلاینانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکن، دەبێت ناسنامەی فەرمی وەربگرن و دۆخی یاسایی خۆیان رێکبخەن. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئامانجمان رێگری لە فێڵکردن و پاراستنی مافی کڕیارانە لە بازاڕە دیجیتاڵییەکاندا.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلاتفۆرمی "بازرگانیی ئەلیکترۆنی" بۆ پێدانی ناسنامەی فەرمی بە دووکانە ئۆنلاینەکان و رێکخستنەوەی ئەو چالاکییانەیە کە لە تیکتۆک، ئینستاگرام و فەیسبووکدا دەکرێن.
بەگوتەی حەنوون، هەر بازاڕێکی ئەلیکترۆنی لەکاتی تۆمارکردنی لەم پلاتفۆرمەدا، دەبێت بەڵگەنامەی یاسایی و زانیاریی ورد پێشکێش بکات تاوەکو خاوەنی چالاکییەکە بناسرێتەوە. گوتیشی: "تۆمارکردنی فەرمی بۆ ئەوەیە ئەگەر هەر سەرپێچییەک کرا یان فێڵ لە هاونیشتمانییان کرا، لایەنی یاسایی بەرپرسیار دیار بێت و ناسنامەی فرۆشیار لای دەوڵەت هەبێت."
وەزارەتی بازرگانی جەختدەکاتەوە کە نایانەوێت رێگری لە کارەکانی ئەو گەنجانە بکەن کە لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە خاوەن پرۆژەی بچووکن، بەڵکو دەیانەوێت رایانکێشن بۆ ناو سیستەمە فەرمییەکە تاوەکو لە ئاسانکارییە دارایی و حکومییەکان سوودمەند بن. محەممەد حەنوون گوتی: "سەرەتا بە هۆشیارکردنەوە دەستپێدەکەین، بەڵام دواتر رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر."
سەبارەت بە فێڵکردن لە کڕیاران، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، گەورەترین متمانە بۆ هاووڵاتی ئەوەیە کە لەرێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە دەزانێت لەگەڵ کێ مامەڵە دەکات. ئاشکراشیکرد کە لەکاتی هەر فێڵێکدا، وەزارەت بەڵگەکان رەوانەی دادگە و دەزگا ئەمنییەکان دەکات تاوەکو مافی هاووڵاتییان نەفەوتێت.
ستراتیژیی نوێی بازرگانیی دیجیتاڵ
پرۆسەی رێکخستنەوەی بازاڕە ئۆنلاینەکان لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە دەستیپێکردووە. حکومەتی عێراق دەیەوێت بەپێی "سیستەمی رێکخستنی بازرگانیی ئەلیکترۆنیی ژمارە 4ـی ساڵی 2025" و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، کۆتایی بە بازرگانیی ناڕێکخراو و سپیکردنەوەی پارە لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بهێنێت و متمانە بۆ بازاڕی دیجیتاڵ بگێڕێتەوە.



