رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، لە چوارچێوەی "هەڵمەتی بەرەبەیان" بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە تریلیۆنێک و 359 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت. دەشڵێت، "هەر کەسێک زانیاری لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی بدات، 5%ـی پارە گەڕێندراوەکەی وەک پاداشت پێدەدرێت." ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو پارە و موڵک و خانووبەرانەی لەرێگەی هەڵمەتی بەرەبەیانەوە گەڕێندراونەتەوە، بڕەکەی زیاترە لە تریلیۆنێک و 359 ملیار دینار. حەیدەر عەبودی ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی "هەواڵدان" لەبارەی دۆسییەکانی گەندەڵی بۆ دەستەی دەستپاکی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 26 هەزار هەواڵدان تۆمارکراون، بەتایبەتی لەو کاتەی هەڵمەتە نوێیەکەی حکومەت دەستیپێکردووە. گوتەبێژی حکومەت ئاماژە بەوەشدەکات، دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەژێر چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکوەزیراندایە و دەشڵێت، "دادگاکانی عێراقیش گەورەترین گەرەنتین بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی چاکسازیی دامەزراوەیی." حەیدەر عەبودی گەندەڵیی بە "سیستەمێکی رەگداکوتاو" وەسفکرد و گوتی، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم سیستەمە گەندەڵییە جەنگێکی گەورەیە، چونکە گەندەڵی سامانی گشتی بەفیڕۆدەدات و پرۆژەکانی گەشەپێدان پەکدەخات." سەبارەت بە رێکارە خۆپارێزییەکان لە گەندەڵی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق روونیکردەوە، عەلی زەیدی جەختی لە وردبینیی پێشوەختە بۆ گرێبەستەکان کردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان یەکێکە لە ئەڵقە گرنگەکانی خۆپارێزی، چونکە دەستوەردانی مرۆیی کەمدەکاتەوە، کە زۆرجار دەبێتە هۆی گەندەڵی و سەرانەوەرگرتن." حەیدەر عەبودی باسی لە هاندانی هاووڵاتییان کرد بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و رایگەیاند، بەپێی یاسای "پاداشتی هەواڵدەران"، هەر کەسێک زانیاری لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی بدات کە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سامانی گشتی، بڕی 5%ـی ئەو پارە گەڕێندراوەی وەک پاداشت پێدەدرێت. رۆژی 28ـی حوزەیران، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە بەناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" کرد، چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد.