رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و گۆڕینی ئەو وێنە چەواشەکارییەی لەسەر عێراق هەیە. ئاشکراشی دەکات کە گفتوگۆیان لەگەڵ پاکستان دەستپێکردووە بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی.
عەقیل هاشمی، سەرۆکی دەستەی راوێژکاری لە یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق، رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، لە سێیەم رۆژی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لێرە، ئەو وێنە نادروستە رادەماڵێت کە هەندێک میدیا لەسەر دۆخی عێراق نیشانی دەدەن؛ کاتێک وەبەرهێنەران دەبینن کارگەکان لێرە کار دەکەن، ترسەکانیان دەڕەوێتەوە."
عەقیل هاشمی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکییان دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لە نێوان کارگەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق. گوتیشی: "بەشداریی فراوانی پارێزگاکان هەنگاوێکە بۆ یەکخستنی تواناکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەسازیی نیشتمانی، کە دواجار هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت."
سەرۆکی دەستەی راوێژکاری ئاشکرای کرد کە دیدارێکیان لەگەڵ نوێنەری بازرگانیی پاکستان هەبووە و گوتی: "ئەمە سەرەتایەکە بۆ کۆبوونەوەیەکی گەورەتر لە بەغدا، تاوەکو باس لە هاوردەکردنی ئامێری نوێ، مادەی خاو و هاوبەشیی پیشەسازی لەگەڵ پاکستان بکەین."
شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە بە بەشداریی 450 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیاوازەوە رۆژی پێنجشەممە کرایەوە و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
