رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایدەگەیەنێت، توانیویانە زیاتر لە 1 ملیار و 367 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێڕنەوە، کە وەک "دوو مووچەیی" و بە نایاسایی لەلایەن فەرمانبەرانی پەروەردەی دیالەوە وەرگیرابوون.
رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دیالە لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 1 ملیار و 367 ملیۆن و 357 هەزار دیناری لەو فەرمانبەرانە وەرگرتووەتەوە، کە بە نایاسایی زیاتر لە مووچەیەکیان هەبووە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بڕە پارەیە دوای پرۆسەی "وردبینیکردنی یەکنەگرتنەوەی وەزیفی" دەرکەوتووە، کە تێیدا لیستی فەرمانبەران لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکە بەراوردکراوە. بەپێی ئەنجامەکان، چەندین حاڵەتی دوو مووچەیی ئاشکراکراون، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە هاوکات لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش مووچەیان وەرگرتووە.
ئەم هەنگاوە لەسەر راسپاردەی عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق بووە بۆ پاراستنی سامانی گشتی. ئێستاش یەکەی تایبەتمەند بەردەوامە لە وردبینیکردنی داتاکان تاوەکو هەموو ئەو پارانەی بە نایاسایی لە گەنجینەی دەوڵەت براون، بگەڕێندرێنەوە.
دوو مووچەیی یەکێکە لە کێشە درێژخایەنەکانی سیستەمی فەرمانبەری لە عێراقدا، کە ساڵانە زیانی ملیاران دینار لە بودجەی گشتی دەدات. حکومەتی عێراق لەرێگەی کاراکردنی سیستەمی بایۆمەتری و یەکخستنی داتای وەزارەتەکان، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەستپێکردووە، کە لەیەک کاتدا زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن.

.jpg&w=3840&q=75)

