رووداو دیجیتاڵ
رۆژگارێک بەسرە بە (ڤینیسی رۆژهەڵات) دەناسرا، بەڵام ئێستا ئاوەکەی بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر تەندروستیی دانیشتووانەکەی. راپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بە کارەساتێکی ژینگەیی دەکەن. ئاوی شارەکە نەک هەر بۆ خواردنەوە، بەڵکو بۆ بەکارهێنانی رۆژانەش گونجاو نییە.
عومەر عەبدولـلەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز، رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاوی بەسرە نەک بۆ خواردنەوە، تەنانەت بۆ بەکارهێنانیش ناشێت. ئەگەر بۆ خۆشۆرین بەکاری بهێنیت، پێستت تووشی نەخۆشی دەبێت؛ بۆ شۆردنی قاپ و جلوبەرگیش، لەبری پاککردنەوە، پیسیان دەکات."
بە گوتەی عومەر عەبدولـلەتیف، هۆکاری پیسی ئاوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەسرە دوایین خاڵی رووبارەکانە و "هەموو پیسییەکانی عێراق دەگەنە ئەو شارە؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنانەت دوای پاککردنەوەی ئاوەکەش بە کۆمەڵێک پرۆسە، هێشتا پاک نییە".
روانگەی عێراقی سەوز لە نوێترین بەدواداچوونیدا کە پشتی بە زانیارییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بەستووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پەردەی لەسەر شکستی پڕۆژەکانی پاڵاوتنی ئاو لاداوە. بەپێی راپۆرتەکە، لە ساڵانی 2021 بۆ 2024، ئاوی بەسرە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پێوەرە فەرمییەکانی عێراق (تایبەتمەندیی ژمارە 417) نەگونجاوە.
کێشە سەرەکییەکە تەنیا سوێریی ئاوەکە نییە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی خوێیە تواوەکان دروستبووە، بەڵکو مەترسییەکی گەورەتریش لەنێو بۆرییەکاندا هەیە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لەو نموونانەی لە ماڵی هاووڵاتییان و سەنتەرە تەندروستییەکان وەرگیراون، پیسبوونی بەکتریایی دۆزراوەتەوە."
نزار ناسر، بەڕێوەبەری ئاوی بەسرە، رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، دانی بەو راستییە تاڵەدا نا و گوتی: "بەسرە دوایین شوێنە کە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوراتی تێدا کۆدەبێتەوە، بۆیە سرووشتییە هەموو پیسییەکان بگەنە ئێرە."
بەڕێوەبەری ئاوی بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و لەگەڵ فەرمانگەکانی ژینگە و تەندروستی لە هاوئاهەنگیدان، بەڵام ئاستەنگەکان زۆرن، لەوانە، "بەرزیی رێژەی سوێری، شکانی بەردەوامی بۆرییەکانی ئاو و فڕێدانی پاشماوەی ماڵ و کارگەکان بۆ نێو رووبارەکان."
بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی عێراقی سەوز، یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکان نەبوونی چاودێریی زانستییە. راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە زۆربەی پڕۆژەکانی ئاو لە بەسرە تاقیگەی پێشکەوتوویان بۆ پشکنینی فیزیکی و کیمیایی نییە، ئەمەش پێشێلکارییەکی روونی رێنماییە ژینگەییەکانە. نەبوونی ئەو تاقیگانە وایکردووە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو نەتوانێت بە وردی دڵنیا بێتەوە لەوەی ئاوەکە چەندە ژەهراوییە پێش ئەوەی رەوانەی ماڵانی بکات.
بۆ رزگارکردنی بەسرە لەم قەیرانە، دیوانی چاودێریی دارایی چەند راسپاردەیەکی بەپەلەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
- رەچاوکردنی خێرای پێوەرە جیهانی و نیشتمانییەکان بۆ کواڵیتیی ئاو.
- دروستکردنی تاقیگەی مۆدێرن لە هەموو وێستگەکانی پاڵاوتن.
- زیادکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ چاودێریی تانکیی ماڵان.

