رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق، دادگەی کەرخ و وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریان داوە دەست بەسەر هەموو ماڵ و سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی 12 پەرلەمانتار و راوێژکارانی پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بگرن.
بەڵگەنامە سەرەکییەکە رۆژی 27ی ئەم مانگە دەرچووە، تێیدا هاتووە، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ/ تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی، فەرمانی "دەستبەسەرداگرتنی" بۆ ماڵ و سامانی ئەو 12 کەسە دەرکردووە.

هەر بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، بانکی ناوەندیی عێراق گشتاندنێکی بۆ هەموو بانکە تایبەت و حکومییەکان کردووە و داوای لێکردوون هەرچی هەژماری بانکی و پشکی ئەو کەسانەیە بلۆک بکرێن و رێگری بکرێ لە هەر مامەڵەیەکی دارایی پێیانەوە.

ناوەکانی نێو لیستەکە بریتین لە:
- ئییبراهیم محەممەد عەباس، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق.
- عالیە نسەیف جاسم، پەرلەمانتاری عێراق.
- موسەننا عەبدولسەمەد سامەرائی، پەرلەمانتاری عێراق.
- ئەشواق سالم جبووری، پەرلەمانتاری عێراق.
- بەها نووری محەممەد، پەرلەمانتاری عێراق.
- هیند محەممەد ساڵح عەباسی، پەرلەمانتاری عێراق.
- موزر مەعن ساڵح، پەرلەمانتاری عێراق.
- زیاد تاریق جەنابی، پەرلەمانتاری عێراق.
- عەبدولرەحمان حەسەن خالید، پەرلەمانتاری عێراق.
- محەممەد فەرمان جبووری، پەرلەمانتاری عێراق.
- بوشرا رەجەب قەیسی، پەرلەمانتاری پێشوو.
- محەممەد سەعدوون سوودانی، پەرلەمانتاری پێشوو.
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لەسەرە، داوا لە وەزارەتەکانی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و فەرمانگەکانی تۆماری خانووبەرە، هاتووچۆ و باج کراوە کە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەو بەرپرسانە.
ئەو بەرپرسانە لە بەرەبەیانیی رۆژی 28ـی حوزەیران و لە ئۆپەراسیۆنێکی فراواندا بەناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان"، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران.



