رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی ناوی خستووەتە نێو لیستی گومانلێکراوانی تیرۆر، بەڵام تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق دەڵێت: "بە تووندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەمەوە کە باس لەوە دەکەن ناوم خرابێتە نێو هەر لیستێکی ئەمریکی بۆ چاودێریی تیرۆر."
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق لە لایەن ئێف بی ئایەوە خرایە لیستی گومانلێکراوانی تیرۆرەوە، ڤیزەکەی هەڵوەشێنراوەتەوە و لە ئەمریکا نەماوە.
لەبەرامبەردا تەیف سامی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "بەدواداچوونمان بۆ ئەو لێدوان و بانگەشانە کرد کە گوایە ناوی من خراوەتە لیستی چاودێریی تیرۆر لە ئەمریکا و رێگریم لێدەکرێ بچمە نێو ئەو وڵاتە، هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە."
تەیف سامی لە راگەیێندراوەکەیدا سەبارەت بە جێهێشتنی عێراق دەڵێت: "ئەو زانیارییانەی دەڵێن گەشتم بۆ دەرەوەی وڵات کردووە نادروستن. من لەنێو عێراقم و وڵاتم جێنەهێشتووە."
لەبارەی قەدەخەی گەشت بۆ ئەمریکا، تەیف سامی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی کارکردنی وەک وەزیر، بەشداریی کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی لە واشنتن کردووە و هیچ رێگرییەکی لێنەکراوە، ئێستاش کە خانەنشین بووە، هیچ پلانێکی بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە نییە.
هەرچەندە راگەیێندراوەکە فەرمییە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام وەزیری پێشووی دارایی دەڵێت: "بە تووندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەمەوە کە باس لەوە دەکەن ناوم خرابێتە نێو هەر لیستێکی ئەمریکی بۆ چاودێریی تیرۆر. ئەوەی دەگوترێ تەنیا لێدوانی سیاسیی هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسن و پاڵپشت نین بە چوارچێوە و بەڵگەنامەی فەرمی."
تەیف سامی باس لەوە دەکات کە لەلایەن هیچ دادگایەکەوە بانگهێشت نەکراوە و هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی یاسایی بەدەست نەگەیشتووە.
دەشڵێت: "مافی یاسایی خۆم دەپارێزم و رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر لایەن و کەسێک دەگرمەبەر کە بە مەبەست زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارانە دژی من بڵاوبکاتەوە."



