رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەشرۆڤەى مادەیەکى دەستووردا ئاماژە بەوەدەکات کە سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی یاساییان هەیە بۆ لادانی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسە باڵاکان لە پۆستەکانیان، ئەوەش لە پێناو باشترکردنی ئەدای دامەزراوەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، دادگەی باڵای فیدراڵی لەشرۆڤەیەکدا بە ژمارە( 227/فیدراڵی/2026) کە لەسەر داوای عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرچووە، رایگەیاند، بەپێی ماددەی 80ـی دەستوور، حکومەت بەرپرسە لە پلاندانان و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی وەزارەت و فەرمانگەکان، بۆیە دەسەڵاتی لادان و گۆڕینی بەرپرسە باڵاکانی هەیە.
بڕیارەکە کێ دەگرێتەوە؟
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانن ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی کە لێهاتووییان لە کارەکانیاندا نەسەلماندووە یان کەمتەرخەم بوون، لە پۆستەکانیان دوور بخەنەوە.
سەبارەت بەو بەرپرسانەی کە پلەی تایبەتیان هەیە و دامەزراندنیان پێویستی بە رەزامەندیی پەرلەمانە، دادگەی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەت پێشنیازی لادانیان ئاراستەی پەرلەمان دەکات تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
مەرجەکانی لادانی بەرپرسان
دادگەی فیدراڵی جەختی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە نابێت وەک "سزایەکی تەمێکردن" بن، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی ورد و سەلماندنی پێویستیی گۆڕانکاری بن، تاوەکو مافی فەرمانبەریی ئەو بەرپرسانە پارێزراو بێت و هیچ ئاڵۆزییەکی یاسایی بۆ دەوڵەت دروست نەبێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، وەک بەشێک لە کارنامەی چاکسازیی کارگێڕی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی گۆڕانکاریی ریشەیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەدات، بەتایبەتی لەو پۆستانەی کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی "پشکپشکێنەی حیزبییەوە" پڕ کرابوونەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
