رووداو دیجیتاڵ
ئامادەیی گرووپەکەی بۆ بەشداریکردن لە سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، رێگەی خۆش کرد بۆ سەرۆکی هاوپەیمانیی خەدەمات، کە ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان و بۆ یەکەمجار بەشداری لە کۆبوونەوەکانیاندا بکات.
شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی خەدەمات لە پەرلەمانی عێراق بە فەرمی بووەتە ئەندامی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
عامر فایز، کە یەکێکە لە ئەندامانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە شبل زەیدی بۆ یەکەمجار بەشدار بێت لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیێتییەکە کە شەوی دووشەممە (24ی ئاب) دەکرێت."
هاوپەیمانیی خەدەمات، باڵی سیاسیی کەتیبەکانی ئیمام عەلییە، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاوپەیمانیی خەدەمات بە رووداوی رایگەیاند: "ئەندامبوونی سەرۆکی هاوپەیمانیێتییەکەمان لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پەیوەندیدارە بە بەشداریکردنمان لە سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەم دواییە روویانداوە."
هاوپەیمانیی خەدەمات لە 2ی حوزەیران بڕیاری دا بەشدار بێت لە هەنگاوی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت کە لیژنەیەکی حکومەتی عێراق سەرپەرشتیی دەکات و بە فەرمی پەیوەندیی بە گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی، هەڵوەشاندەوە.
عەقێل ردینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەشداریی شبل زەیدی وەک ئەندامی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەهۆی هەنگاوەکانی بووە لە پرسی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و هاندانی گرووپەکانی دیکە بۆ ئەوەی بەشداری ئەو پرۆسەیە بکەن."
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 12 ئەندام پێکهاتبوو؛ ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆمەرییەکان لێی چووەتە دەر، بەهۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی. لە کۆبوونەوەی رابردووشدا ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بەشدار نەبووە.
زیکرا ردێنى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى مونتەسیرون کە سەر بە کەتیبەکانى سەیدولشوهەدایە بە رووداوى راگەیاند، ئەبوئالا وەلائی هەڵوێستى وەرنەگرتووە بۆ بایکۆتکردنى کۆبوونەوەکانى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و هێشتا ئەندامە، ئامادە نەبوونى لە کۆبوونەوەى رابردوو بەهۆی ئەوە بووە کە گەشتى کردووە.



