رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق پڕۆگرامێکی تایبەتی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لەنێو وەزارەتی کارەبا دەستپێکرد، کە نزیکەی 20 هەزار فەرمانبەر و کارمەند دەگرێتەوە کە زۆربەیان لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەی گرێبەست دامەزراون.
هەیسەم مونزر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای جێبەجێکردن بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆگرامێکی هاوبەشمان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق دەستپێکردووە بۆ فێرکردنی 19 هەزار و 939 فەرمانبەر لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی پەروەردە کارمەندی تایبەت بە فێرکردن و پێداویستیی لۆجیستی بۆ سەنتەری تایبەت لە نێو فەرمانگەکانی کارەبا دابین دەکات.
بۆچی فەرمانبەران نەخوێندەوارن؟
لەوەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە چۆن دەبێت کەسێک فەرمانبەر بێت و نەخوێندەواریش بێ، هەیسەم مونزر روونیکردەوە کە ئەمە پەیوەندی بە پرسی "گرێبەستەکان"ـەوە هەیە. هەیسەم مونزر گوتی: "لە بنەڕەتدا دەبێت ئەستەم بێت فەرمانبەر نەخوێندەوار بێت، بەڵام وەک دەزانن لەم ساڵانەی دواییدا پرسی گرێبەستەکان هاتە ئاراوە. پێشتر ژمارەی کارمەندانی وەزارەتی کارەبا لەنێوان 90 بۆ 95 هەزار کەسدا جێگیر بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا تەنیا بە گرێبەست زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکە زیاد بوون."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە، زۆربەی ئەو گرێبەستانە بە ناونیشانی "پیشەوەر" تۆمار کراون، کە زۆربەیان کرێکار و کاسبکارن و وەک داهاتێکی زیادە یان بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکانیان سوودیان لێ بینیوە؛ گوتیشی: "ئەمانە ئەو کۆمەڵە گەنجانەن کە بەهۆی جەنگ و ئەو دۆخە نالەبارەی بەسەر وڵاتدا هاتووە، دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە بچنە قوتابخانە و فێری خوێندن و نووسین بن، بۆیە ژمارەیەکیان نەخوێندەوارن کە ژمارەیان دەگاتە 20 هەزار کەس."
هەیسەم مونزر ئاماژەی بەوەش کرد، دوو سێ هەفتە لەمەوبەر پڕۆژەی هاوشێوەیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و چەند وەزارەتێکی دیکەش هەبووە.
بەپێی پلانەکە، فەرمانبەرە نەخوێندەوارەکان دەکرێنە دوو بەش. بەشێکیان لەو سەنتەرانە دەخوێنن کە پێشتر هەبوون و بەشەکەی دیکەیشیان لەو بنکانە دەخوێنن کە لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانیدا دەکرێنەوە.
تاوەکو پۆلی چواری بنەڕەتی لە قۆناخی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەبن، لە هەردوو پۆلی 5 و 6 ی بنەڕەتی دەچنە قۆناخی فێرکردنی خێرا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی شەشی بنەڕەتی.



