رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، کۆتایی مانگی ئەیلوول چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت دەبێت و دڵنیاییش دەدات کە هیچ جۆرە پێکدادانێک لەنێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکاندا روونادات.
رۆژی هەینی، 21ی ئابی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی (دیالۆگی بەغدا)، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "کۆتایی مانگی ئەیلوول، کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک دەبێت لەدەستی دەوڵەت. ئەمە بابەتێکی دەستووری و یاساییە و هیچ جۆرە پێکدادانێک لەنێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکاندا نابێت."
حەلبووسی دڵنیایی دا کە دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و گوتی: "هیچ نیگەرانییەک لەبارەی مووچەوە نییە. پەرلەمان بەم زووانە دەست بە گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجە دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش میوانداریی وەزیرە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ تاوتوێکردنی ستراتیژیی چاکسازیی ئابووری."
سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی باسیان لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق کردووە و گوتی: "سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێی راگەیاندین کە لەگەڵ سەرکردایەتیی وڵاتەکەی پرسی رێگەدان بە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق بە تەنگەی هورمزدا تاوتوێ دەکات."
هەیبەت حەلبووسی تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی پەرلەمان و رایگەیاند، حکومەت هەفتەی رابردوو 42 پڕۆژەیاسای نوێی رەوانەی پەرلەمان کردووە؛ لەبارەی گەندەڵیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ لایەنێکی سیاسی دژی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی نەوەستاوەتەوە."
سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: "لیژنەیەکی ئەمنی پێکدەهێندرێ بۆ وردبینی کردن لە ناوی ئاوارەکانی (جورف سەخر) بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان."


