رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون، کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە، رایدەگەیێنێت؛ هەوڵێکی "گەلەکۆمە" بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی هەبووە، بەڵام شکستی پێهێنراوە.
حەسەن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا هەوڵێک و گەلەکۆمەیەک هەبوو بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حکومەت، بەڵام بە پشتیوانیی خودا و هەندێک لە لایەنەکان، ئەو هەوڵە پووچەڵکرایەوە."
شەیحانی ئامادە نەبوو ناوی ئەو لایەنە یان لایەنانە ئاشکرا بکات، کە ئەو هەوڵەیان داوە، بەڵام وردەکاریی پلانەکەی ئاشکرا کرد.
بە گوتەی حەسەن شەیحانی، پلانەکە لە رێگەی دەستلەکارکێشانەوەی دوو وەزیرەوە بووە (بۆ ئەوەی حکومەت لە نیسابی یاسایی بکەوێت)، بەڵام بەرپەرچیان دراونەتەوە و پێیانگوتوون: "ئەگەر وا بکەن، ئێمەش متمانە بە دوو وەزیری نوێ دەدەین بۆ ئەو وەزارەتانەی تاوەکو ئێستا بەتاڵن، تاوەکو رێژەی یاسایی وەزیرەکان پڕ ببێتەوە و نیساب نەشکێت، پاشان دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دوو وەزیرەی ئێوە قبووڵ دەکرێت."
حکومەتی عێراق لە 23 وەزارەت پێکدێت؛ تاوەکو ئێستا 14 وەزیریان متمانەی پەرلەمانیان وەرگرتووە و 9 وەزارەتیش بە بەتاڵی ماونەتەوە.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نیسابی یاسایی کۆبوونەوەکان بە ئامادەبوونی (نیوە کۆ یەک)ـی کۆی گشتیی وەزیرەکان دەبێت. بەو پێیەی حکومەت لە 23 وەزارەت پێکدێت، دەبێت لانیکەم 13 وەزیر ئامادە بن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان و بڕیارەکان شەرعیەتیان هەبێت. کشانەوەی دوو وەزیر لەو 14 وەزیرەی ئێستا، حکومەتەکەی زەیدی دەخستە بەردەم مەترسیی لەدەستدانی نیسابی یاسایی.
ئەو بەرپرسەی سادیقوون لەبارەی هۆکاری رێگرییان لەو هەوڵە گوتی: "پێمان وابوو بەرژەوەندیی وڵات لەوەدایە دەرفەت بە حکومەت بدرێت کار بکات، نەک وڵات بخەینە نێو قەیرانێکی نوێی سیاسییەوە."
ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئاب، رێک 100 رۆژ بەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی تێدەپەڕێت، کە هێشتا بەبێ نۆ وەزیر کارەکانی بەڕێوەدەبات.



