رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەتەکەی کار دەکات بۆ ناردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسندکردنی؛ باس لەوەش دەکات، عێراق دوای تێپەڕاندنی قۆناخی بەرگری لە سەروەری، پێی ناوەتە قۆناخی بنیاتنان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "دامەزراوەی حەشدی شەعبی جێگەی بایەخی تایبەتی حکومەتە و وەک بەشێکی سەرەکی لە هێزە چەکدارەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ."
پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2016 یاسایەکی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی دەرکرد، بەڵام دواتر بڕیاردرا کە یاساکە بگۆڕدرێ، بە شێوەیەک کە خزمەت، ئیمتیازات و دەسەڵاتی ئەو دەستەیە دیاری بکات، بەڵام پڕۆژەیاساکە لە خولی رابردوودا پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ لەلایەن حکومەتەوە کشێندرایەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی گوتوویەتی: "حکومەت بەردەوام دەبێت لە رێکارەکان بۆ رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بە مەبەستی پەسندکردنی لە پەرلەمان."
عەلی زەیدی باسی لەوە کردووە: "پڕۆژەی حکومەتەکەی ئێمە لەسەر بنەمای بنیاتنانی دەوڵەتێکە کە خاوەن ئابوورییەکی بەهێز بێت. پێویستە چارەسەری ریشەیی و داهێنەرانە بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە نەوەک پەک بخرێن یان بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن."
ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق ئێستا دوای تێپەڕاندنی قۆناخی بەرگری لە سەروەری، "پێی ناوەتە قۆناخی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە."

