رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بنکەی سەرەکیی کۆڕەک تێلیکۆم و سێ بنکەی دیکەی کۆمپانیاکەی لە بەغدا داخست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوئاهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، زنجیرەیەک رێکاری مەیدانی تایبەت بە داخستنی چەند بنکەیەکی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم لە بەغدا دەستپێکردووە و دەڵێت: "ئەم هەنگاوە وەک جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە رێکخراوەیی و یاساییانەیە کە پێشتر بەرامبەر کۆمپانیاکە دراون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی دەستەکە، رێکارەکان داخستنی سێ بنکەی سەرەکیی فرۆشتنی کۆمپانیاکەی لە ناوچەکانی (عەرەسات، شەقامی فەلەستین و مەنسوور) گرتووەتەوە، جگە لەوەی تیمی تایبەتی دەستەکە بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بنکەی سەرەکیی کۆڕەکیان لە ناوچەی جادرییە داخستووە.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم دەرکراون، تاوەکو تەواوکردنی هەموو پێداویستییە یاسایی و رێکخراوەییەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بە مەبەستی پاراستنی مافی دەوڵەت، بەرژەوەندیی گشتی و مافی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن لە عێراق."
کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم دەڵێت، ئەو بڕیارەی عێراق نایاساییە.


