رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 1,000 قوتابخانەی کەرەڤانە و قوڕ لە عێراقدا هەن. بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی پۆلەکان و نەهێشتنی سیستمی چەند دەوامی، پێویستیان بە دروستکردنی 10,000 قوتابخانەی دیکە هەیە.
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوەڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە یەکێکە لە گەورەترین وەزارەتەکانی دەوڵەتی عێراق؛ 12 ملیۆن قوتابیمان هەیە و زیاتر لە 30,000 قوتابخانەمان هەیە، کە ئەگەر سەرجەم دامەزراوە و پەیمانگە ئەهلییەکانیشی بخەینە سەر، ژمارەکە دەگاتە نزیکەی 40,000 قوتابخانە."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان لە هەموو ناوچە و شوێنێک ئامادەیی هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانیان لە هەولێر و سلێمانی کار دەکەن، ئەمە جگە لە قوتابخانەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات. گوتیشی: "بەداخەوە تائێستا زیاتر لە 1,000 قوتابخانەی کەرەڤانە و قوتابخانەی قوڕ لە عێراقدا ماون."
سەبارەت بە کەمیی بینای قوتابخانە، کەریم سەید گوتی: "بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، پێویستمان بە دروستکردنی 8,000 قوتابخانە هەیە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت قەرەباڵخیی نێو پۆلەکان نەهێڵین و پۆلی نموونەییمان هەبێت، ئەوا پێویستییەکە دەگاتە 10,000 قوتابخانە. ئێستا قوتابخانەی دوو دەوامی و تەنانەت سێ دەوامیش هەن."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، باسی لە پرۆژەی قوتابخانەکانی قەرزی چینی کرد و رایگەیاند، قۆناخی یەکەمی ئەو پرۆژەیە کە دروستکردنی 1,000 قوتابخانە بوو بە تایبەتمەندیی بەرز و لە پلاندایە 8,000 قوتابخانە دروست بکرێن، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەم پرۆژانە لە دەرەوەی توانای دارایی وەزارەتن و پێویستیان بە پاڵپشتیی حکومەتە."
کەریم سەید ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان لەنێوان 1.3 ملیۆن بۆ 1.4 ملیۆن کارمەندی هەیە و گوتی، بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووانی عێراق، ساڵانە ژمارەی قوتابییان زیاد دەکات، ئەمەش وادەکات پێویستیی وڵات بە بینای قوتابخانە و مامۆستا و کارمەندی زیاتر، بەردەوام لە زیادبووندا بێت.



