رووداو دیجیتاڵ
دوای نانخواردن لە چێشتخانەیەک لە قەزای شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، نزیکەی 300 کەس ژەهراوی بوون. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش رایگەیاند، کەسێک بە تۆمەتی ژەهرکردنە نێو تانکیی ئاوی چێشتخانەکە دەستگیرکراوە.
یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون ژمارەیان نزیکەی 300 کەس بوو و دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە چارەسەر کران؛ تەندروستیی نزیکەی 50 کەسیان ناجێگیر بوو، بەڵام ئەوانیش چارەسەری پێویستیان وەرگرت."
رووداوی ژەهراویبوونەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردوو روویداوە. لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و چێشتخانەکە داخراوە.
دەنگۆی ژەهراویکردنی تانکیی ئاوی چێشتخانەکە هەیە، یاسین محەممەد عەلی گوتی: "دوێنێ کەسێک بە تۆمەتی ئەوەی ژەهری کردووەتە نێو تانکیی ئاوی چێشتخانەکە دەستگیرکراوە، بەڵام هێشتا رووداوەکە بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە."
لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسەی ژەهری کردووەتە نێو تانکیی ئاوی چێشتخانەکە دەستگیرکراوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا لە پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک کرێکار لە دەوروبەری چێشتخانەکە بەو تۆمەتە دەستگیرکراون، گوتیشی: "بە هیچ شێوەیەک یەکلایی نەبووەتەوە کە ئاوی تانکییەکە ژەهراوی کرابێت یان ئەو دەستگیرکراوانە دەستیان لە کارێکی لەو شێوەیەدا هەبووبێت."
بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی ژەهراویبوونی ئەو خەڵکەی لە چێشتخانەی (هەلە فوود) نانیان خواردووە.
