رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ- بەغدا، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ بریکاری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق دەرکرد، بەهۆی هەبوونی سەرپێچی لە گرێبەستێکی تایبەت بە نیشاندانی "گەنجینەی نەمرود" لە مۆزەخانەکانی ئەورووپا.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە:" دادگەی تاوانەکانی کەرخ بڕیاری سزادانی ئامادەنەبوون بۆ تۆمەتباری هەڵاتوو (سەربەست عومەر حەسەن) دەرکردووە، کە پێشتر پۆستی بریکاری وەزیری رۆشنبیریی عێراقی هەبووە."
دۆسیەکە پەیوەندی بە گرێبەستێکی ساڵی 2014ـەوە هەیە کە وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی واژۆی کردبوو.
ئامانجی گرێبەستەکە گواستنەوە و نیشاندانی "گەنجینەی شوێنەواریی نەمرود" بوو لە مۆزەخانەکانی ئەورووپا، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە رێکارەکانی گرێبەستەکەدا سەرپێچیی یاسایی کراوە و زیان بە سامانی گشتی گەیشتووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە دادگە دوای بینینی بەڵگەکان و گوتەی شایەتەکان، تۆمەتبارەکەی بەپێی مادەی 340ـی یاسای سزاکانی عێراق (ژمارە 111ـی ساڵی 1969) سزاداوە.
گەنجینەی نەمرود، یەکێکە لە پڕبایەخترین و دەگمەنترین شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهان، کە پێکهاتووە لە سەدان پارچە زێڕ، مرواری و خشڵی گرانبەهای سەردەمی ئاشوورییەکان و لە ساڵی 1988 لە ناوچەی نەمرودی پارێزگای نەینەوا (باشووری موسڵ) دۆزرایەوە.
