رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سعودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی کۆدەبێتەوە و هەشت فەرماندەی باڵای سەربازی و ئەمنیی بانگهێشت کردووە.
دیار موفتی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سعودیە و ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، میوانداریی فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکان دەکات.
سەرەتا بڕیار بوو سێ فەرماندەی باڵا بانگهێشت بکرێن، بەڵام لە دوایین پێشهاتدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەرپرسەکانی زیادکران و هەندێک بەرپرسی لێ لابران، لەوانە عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
بە گوتەی ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ ئەم بەرپرسانە لە لیژنەکە ئامادە بن:
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
حوسێن عەوادی، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.
فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق.
حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی.
باسم بەدر، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.
فەریق موهەند غالب ئەسەدی، فەرماندەی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی.
لیوا عەبدوڵڵا جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا.
پەرلەمانی عێراق رۆژی 10ـی ئاب، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا، کە لە شەش ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێکهاتووە بۆ ئەوەی راست و دروستیی ئەوە بزانرێت کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئاگاداری پێشوەختەی ئەو هێرشانە بوون.
بەگوێرەی نووسراوێک کە عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، داوای کردبوو هەر یەک لە ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەبەردەم لیژنەکە ئامادە بن بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە نەگرتنەبەری رێوشوێن بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەر لەو هێرشەی کە ئەمریکا و سعودیە کردیانە سەریان.
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لیژنەکە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات، ئایا عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کاژێر 12:00 بۆ 12:30ـی شەو، فالح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی ئاگادار کردووەتەوە کە هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانیان.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کرد، تەوەرێکی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە کە بۆچی سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان، رێکاری پێویست بۆ چۆڵکردنی بارەگاکان نەگیراوەتەبەر، کە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێکەوتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، سعودیە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکە و بارەگای حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک پارێزگای جیاواز و لە ئەنجامدا زیاتر لە 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
هەروەها پێنج "راوێژکاری سەربازیی ئێرانی" کوژراون، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران ناوی پێنج ئەندامی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوە، کە دەگوترێت لەو هێرشانەدا کوژراون.
بەگوێرەی میدیای نزیک لە پاسداران، چوار لەو ئەندامانەی پاسداران خەڵکی شاری کاشان بوون، بە ناوەکانی عەلی ئەسغەر ئاستانە، ئەبولفەزل موتەقی، مورتەزا ئەکبەری و ئەمیر عەباس.

