رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، لیژنەیەکی سێ کەسی پێکهێندراوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا.
حەیدەر فوئادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لیژنەیە لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پێکهێندراوە و ئەندامەکانی بریتین لە محەممەد شیاع سوودانی؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر."
حەیدەر فوئادی رایگەیاند، ئەو لیژنەیە بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان. ئەو هەنگاوە بە گوتەی ئەو وەک پێزانینێکە بۆ رۆڵ و قوربانیی ئەو گرووپانە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
ئەو هەنگاوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان حکومەت و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان لەبارەی چەکدانان، کە تاوەکو ئێستا دوو لەو گرووپانە ئامادە نین چەک دابنێن تاوەکو، وەک خۆیان دەڵێن، سوپای ئەمریکا لە عێراق بەتەواوی نەچێتە دەرەوە.
حەیدەر فوئادی رایگەیاند، دیالۆگی نیشتمانیی بەرپرسیارانە تەنیا رێگەیە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی یاسا و دەستوور و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.



.jpg&w=3840&q=75)
