رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێکە بەردی بناخەی پڕۆژەی کۆرنیشی تکریت دانراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کارێکی تێدا نەکراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین دۆسیەی دەیان پڕۆژەی دیکەی "وەهمی" هەڵدەداتەوە کە سەدان ملیار دیناریان بۆ خەرجکراوە.
پڕۆژەی کۆرنیشی تکریت، کە شەقامێکی 1300 مەترییە لە سەنتەری شارەکە، بڕیاربوو بە گوژمەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا بووەتە نموونەیەک لە دەیان پڕۆژەی کەرتی خزمەتگوزاری کە گومانی گەندەڵییان لەسەرە.
ئەحمەد عوبێدی، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی تکریتە و دەڵێت: "درێژیی پڕۆژەکە 1300 مەترە و تێچووەکەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینارە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە، دۆخی سەلاحەددین زۆر خراپە، بەتایبەتی ناوچەکانی شەڕگات و بێجی کە کەس لێیان ناپرسێتەوە."
هاوکات، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین، بەدەیان پڕۆژەی وەهمی خراونەتەڕوو کە پارەیەکی زۆریان بۆ خەرجکراوە.
یاسین محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین، بە رووداوی رایگەیاند: "نەک تەنیا کەرەستە بە نرخێکی کەم کڕدراوە و دە هێندە پارەی خراوەتە سەر، بەڵکو پڕۆژەی وا هەیە دەیان ملیاری بۆ خەرجکراوە و بوونی نییە. رۆژانە دەیان دۆسیەی گەندەڵی دەخرێنە سەر مێز و رێکاریان بەرامبەر وەردەگیرێت."
لە نوێترین پێشهاتیشدا، هێزەکانی دەستەی دەستپاکیی سەلاحەددین، لە گوندی هۆڵەندی لە تکریت، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری پێشووی سەلاحەددینیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد.
بەپێی ئامارەکان، 279 سکاڵا لەسەر گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە دەستەی دەستپاکیی سەلاحەددین تۆمارکراون.


