رووداو دیجیتاڵ
لێدوانێکی سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق لەبارەی بوونی ناوی 12 هەزار چەکداری داعش لەنێو لیستی شەهیدانی نەینەوا، کاردانەوەی تووندی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاکەی لێکەوتووەتەوە و بە "ناوزڕاندن" ناوی دەبەن و هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکەن.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی بەڕێز سەرۆکی دەزگای شەهیدان باسی کردووە، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تەواوی زانیاری و داتاکانی پارێزگای نەینەوا هەمووی راست و دروستن."
هاوکات، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە لایەنی چاودێریی کارەکانی حکومەتی خۆجێییە، بە تووڕەییەوە باس لەو دەنگۆیە دەکات و چاوەڕێی روونکردنەوەی فەرمی دەکات.
دکتۆر ئەحمەد دوبەردانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە رووداوی گوت: "ئێمە بەدواداچوون دەکەین لەسەر قسەی سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق، ئەو قسەیەکی بێبەڵگە و بنەمای کردووە. پێویستە سزا بدرێت لەسەر ئەم قسانەی. ئێمە لە دادگە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین، چونکە ئەمە ناوزڕاندنی پارێزگای نەینەوایە."
بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، سەرجەم 19 هەزار شەهیدی تۆمارکراو دوای لێکۆڵینەوەی وردی ئەنجوومەن، دادگە و دەزگای شەهیدانی نەینەوا تۆمار کراون.
سەرەڕای هەوڵی زۆر، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای شەهیدانی نەینەوا ئامادە نەبوون لەوبارەوە هیچ لێدوانێک بدەن.


