رووداو دیجیتاڵ
عەباس یەعقوبی، یەکێک لە بەرپرسانی سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا، لەدوای ئازادکردنی رایگەیاند، سکاڵا لە دژی دەزگای هەواڵگریی عێراق تۆمار دەکات. تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەژموونی لەسەر بڕیاری سیاسی عێراق هەیە.
عەباس یەعقوبی، کە هاوکات بەرپرسی هەواڵگریی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبییە، دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاب ئازاد کرا.
یەعقوبی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە راوێژ لەگەڵ راوێژکارى یاسایی فەرماندەیی پشتێنەی بەغدا سکاڵا لە دژی دەزگای هەواڵگریی عێراق تۆمار دەکەین بەهۆی ئەو تۆمەتانەی بۆم هەڵبەستراوە".
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی نوجەبای نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، 17ی ئاب لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دواتر رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کرا، بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق، دەستگیرکردنەکەی لەسەر بنەمای بڕیاری دادگە بووە بەبێ ئەوەی وردەکاریی تۆمەتەکەی بڵاوبکرێتەوە.
عەباس یەعقوبی دەستگیرکردنەکەی بەستەوە بە هەژموونی ئەمریکا لە عێراق. تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکاى لە عێراق و سووریا تۆمەتبار کرد بەوەی هەژموونی بڕیارى سیاسی لە عێراق کردووە و هەوڵی داوە پەلکێشیان بکات بۆ جەنگی ناوخۆیی.
بزووتنەوەی نوجەبا یەکێکە لە پێکهێنەرانی ئەو گرووپەی کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن و وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.




