رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا پێکهێناوە و بەمزووانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت دەستبەکار دەبێت. دەشڵێت، دامەزراوە دەستوورییەکان تاکە مەرجەعن بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێگەکانی پەرەپێدانیان کراوە، بەجۆرێک کە لەگەڵ رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات بگونجێت و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک. مالیکی رایگەیاندووە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەیەکی پێکهێناوە کە بەمزووانە دەستبەکار دەبێت، ئەرکی لیژنەکە دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، ئەوەش بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ."
نوری مالیکی باسی لەوە کردووە، پێویستە ئەم دۆسیەیە لەڕێگەی "دیالۆگ و لێکتێگەیشتن" چارەسەر بکرێت بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و سەقامگیریی وڵات، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان مەرجەعی سەرەکین بۆ بەڕێوەبردنی هەموو دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکان."
نووسینگەی مالیکی دەڵێت، جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ستایشی رۆڵی سیاسیی نووری مالیکی کردووە لە "پشتگیریکردنی سەقامگیری و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان."، هەروەها هاریس جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.



