رووداو ديجيتاڵ
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق دەڵێ، داخستنی تەنگەی هورمز کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی عێراق هەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتەکەی کار لەسەر ئەوە دەکات ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێنێت لە رێگەی زیادکردنی داهاتی نانەوتییەوە.
ئەو گوتانەی فالح ساری لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، کە یەکشەممە 16ی ئابی 2026 لە بەغدا ئەنجامدرا.
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، داخستنی تەنگەی هورمز کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی عێراق هەبووە.
لە 28ی شوباتەوە، کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز کێشەی تێکەوت، کە رێگەی سەرەکیی زۆرینەى هەناردەی نەوتی عێراقە.
فالح ساری رایگەیاند، وەزارەتەکەی کار لەسەر تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا دەکات، ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی داهاتی نانەوتی و پەرەپێدانی شێوازەکانی کارگێڕیی دارایی و بەردەوامی لە چاکسازیی ئابووری.
بەهۆی دۆخی جەنگەوە داهاتی نەوتی عێراق بەراورد بە بڕی پێش جەنگ بۆ نیوە کەمبووەتەوە و کورتهێنانی لە خەرجیی مانگانە دروست کردووە کە پێویستى بە زیاتر لە 10.8 تریلیۆن دینارە.
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا پەنا دەبەنە بەر بودجەی (بەرنامە و کارایی) بۆ رێکخستنی خەرجیی گشتی و بەستنەوەی بە ئامانج و ئەنجام، بۆ ئەوەی بەکارهێنانی خەرجی گشتی بەهێز بکرێ.



