رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، وادەی دەستپێکردنی پێشکێشکردنی داواکاریی بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوونی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند، بۆ کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی مادەی 140 رۆژی 23ـی ئەم مانگە دەبێت و پرۆسەکە بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت؛ قەرزەکەش هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خشتەی پێشکێشکردن بۆ قەرزی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) دیاری کراوە و لە کاژێر 10:00ـی بەیانیی رۆژی 23-08-2026ـەوە دەستپێدەکات.
بەگوێرەی مادەی دووی بڕگەی یەکەمی یاسای سندووقی نیشتەجێبوون ژمارە 32ـی ساڵی 2011، قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
خشتەی پێشکێشکردنی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
رۆژی یەکەم (23-08-2026): پارێزگاکانی (کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین، بەغدا و نەجەف).
رۆژی دووەم (24-08-2026): پارێزگاکانی (کەربەلا، بابل و زیقار).
رۆژی سێیەم (26-08-2026): پارێزگاکانی (مەیسان، موسەننا و واست).
رۆژی چوارەم (27-08-2026): پارێزگاکانی (بەسرە، دیوانیە و دیالە).
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوەش کرد، پێشکێشکردن تەنیا بە شێوازی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی لینکی (ihf.moch.gov.iq) دەبێت.
مەرج و بەڵگەنامە داواکراوەکان:
ئەو کەسانەی داواکاری پێشکێش دەکەن، پێویستە ئەم بەڵگەنامانەیان هەبێت:
یەکەم: کارتی نیشتمانی.
دووەم: تاپۆ.
سێیەم: مۆڵەتی بیناسازیی کارا.
سەبارەت بە بڕی قەرزەکە، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: "زۆرترین بڕی قەرزەکە دەگاتە 60 ملیۆن دینار، ماوەی گەڕاندنەوەی 15 ساڵە، قەرزەکە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەک دەبێت کە رووبەرەکەی لە 100 مەتر دووجا کەمتر نەبێت، یان بۆ زیادکردنی بینا بێت کە رووبەرەکەی لە 65 مەتر دووجا کەمتر نەبێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، قەرزەکە بەپێی قۆناخەکانی بیناسازی بەسەر دوو یان سێ گوژمەدا دابەش دەکرێت، هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە تەمەنی لە نێوان 18 بۆ 65 ساڵدا بێت، مافی پێشکێشکردنی هەیە بەو مەرجەی مەرجەکانی سەرەوەی تێدا بێت.
نەبیل سەفار میکانیزمی ئەو قەرزە روون دەکاتەوە و دەڵێت: "پێشینە بۆ ئەوانە دەبێت کە خانووی نوێ دروست دەکەن، نەوەک نۆژەنی دەکەنەوە؛ بۆ خەڵکی دەرەوەی شارەکان، خێزاندار و ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە و چوار منداڵ یان زیاتریان هەیە. بەگوێرەی چڕیی دانیشتووانیش بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت."


