رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق کردنەوەی خولێکی فێرکاریی بەرگدوورینی بۆ 60 ژن لەنێو گرتووخانەی ناوەندیی ژنان لە بەغدا راگەیاند، ئەوەش بە ئامانجی فێربوونی پیشەیەک و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، دوای تەواوبوونی سزاکانیان.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "لەنێو گرتووخانەی ناوەندیی ژنانی بەغدا کە بەشی راهێنان هەیە، خولێکی تایبەت بۆ فێربوونی بەرگدووری و کارە دەستییەکان بۆ 60 ژن دەستپێکردووە."
موراد ساعدی رایگەیاند، ئەم خولە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەو ژنانەیە، تاوەکو کاتەکانیان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەسەر ببەن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە جێگیربوونی باری دەروونییان و بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوونیان.
موراد ساعدی گوتی، کارگێڕیی گرتووخانەکە هەموو کەرەستەیەکی پێویستی بۆ سەرخستنی ئەم بەرنامە فێرکارییانە دابین کردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت: "ئەم پرۆژانە بەشێکن لە دیدگەی وەزارەتی داد بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی چاکسازی، تاوەکو گیراوان فێری پیشەیەک بن کە لە بازاڕی کاردا سوودی لێ ببینن و دوای ئازادبوونیان ببنە خاوەن کارێکی سەربەخۆ و ئیدی بژێوییەکی شکۆمەندانە بۆ خۆیان دابین بکەن."
کردنەوەی خولی جۆراوجۆری وەک بەرگدووری، وێنەکێشان و فێربوونی زمان و دارتاشی، وەک هەوڵێک دەبینرێن بۆ هاوکاریکردنی زیندانییان.


