رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی زیقار سزایەکی قورسی بەسەر دوو کەسدا سەپاند، کە پۆستی باڵای حکومییان بۆ فێڵکردن لە هاونیشتمانییان بەکارهێنابوو و خۆیان وەک راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ناساندبوو.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی زیقار سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەر دوو تۆمەتباردا سەپاندووە کە بە نایاسایی نازناوی "راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری"ـیان بۆ مەبەستی فێڵکردن بەکارهێناوە.
ئەو دوو کەسە پۆستەکەیان بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەک لە هاووڵاتییەک بەکارهێناوە. لە بەرامبەر ئەو پارەیەدا، بەڵێنی درۆیان بە هاووڵاتییەکە دابوو کە براکەی لە زیندان ئازاد دەکەن، کە بەپێی مادەی 28ـی یاسای مادە هۆشبەرەکان سزادرابوو.
یاسا چۆن مامەڵە لەگەڵ (خۆناساندن بە پلەی ساختە) دەکات؟
دادگەی تاوانەکانی زیقار ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕیاری سزادانی ئەو دوو کەسە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983ـی هەموارکراو بووە.
بەپێی مادەی 260ـی یاسای سزاکان، هەر کەسێک خۆی وەکو فەرمانبەری حکومەت بناسێنێت، لە کاتێکدا فەرمانبەری حکومەت نییە، سزا دەدرێت.
بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983، سزاکە بۆ 10 ساڵ زیندانی تووند کراوەتەوە، بەتایبەت ئەگەر کەسەکە پلەی سەربازی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ یان پۆستێکی گشتیی ساختە بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاربهێنێت.


