رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پارێزبەندی لەسەر نازم ئەسەدی، ئەندامی پەرلەمان لابدات، تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر بە تۆمەتی سوودوەرگرتنی نایاسایی لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کار.
زیا جەعفەر، سەرۆکی دادگەی کەرخ، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە رۆژی 29-7-2026 ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە، رایگەیاندووە، دادگەکەیان لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی پەرلەمانتار نازم محەممەد ئەسەدی دەکات.
نازم ئەسەدی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی سۆمەریونە لە پەرلەمانی عێراق، کە بزووتنەوەکە لەلایەن ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی کاری عێراق دامەزراوە.
تۆمەتەکەش بریتییە لە "سوودوەرگرتنی راستەوخۆ لە کار و گرێبەستەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و کەسانی دیکە."
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دادگە، نازم ئەسەدی لەگەڵ (ئەحمەد ئەسەدی) وەزیری پێشووی کاری عێراق رێککەوتووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەک بە ناوی "ئەلتەدامول" و کۆمپانیاکەی لەسەر ناوی یەکێک لە پاسەوانەکانی بە ناوی سامر شاکر هاشم (کە ئێستا دەستبەسەرە) تۆمار کردووە.
دادگە ئاشکرای کردووە کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە، وەرگرتنی گرێبەستەکانی وەزارەتی کار بووە بە شێوەیەکی نایاسایی.
هەروەها کۆمپانیاکە مۆڵەتی نووسینگەی دامەزراندنی تایبەتی وەرگرتووە بۆ هێنانی کرێکاری بیانی و توانیویەتی رەزامەندی بۆ هێنانی ژمارەیەکی زۆر کرێکار بۆ ناو عێراق وەربگرێت.
لە نووسراوەکەدا، دادگەی کەرخ داوا لە پەرلەمان دەکات بەپێی مادەی 63ـی دەستوور، پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە لابدەن، تاوەکو بتوانن بەپێی مادەی 319ـی یاسای سزاکان، لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکەن و رێکارەکان تەواو بکەن.
بەپێی دەستووری عێراق، ئەندامانی پەرلەمان پارێزبەندییان هەیە و ناتوانرێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت یان دەستگیر بکرێن بەبێ رەزامەندیی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان، مەگەر لە کاتی ئەنجامدانی تاوانێکی ئاشکرادا بن.
هەر لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا، دادگە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەرکردووە.


